شارەزایان: نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- شارەزایانی بواری نەوت و ئابووری دەڵێن، بە ھۆی نزیکبوونەوە لە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە چەند ڕۆژی دابێ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
بڕیارە لە ٥/١١/٢٠١٨ ئەمەریکا دەست بە جێبەجێکردنی سزاکانی بۆ سەر ئێران بکات و لە یەکەم ھەنگاویشدا بڕیارە ھەناردەکردنی نەوتی ئێران کە ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکات ڕابگرێت و ڕێگە بە ھیچ وڵاتێک نەدات نەوت لە ئێران بکڕن، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
شارەزای بواری نەوت و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، د. بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران جێبەجێ بکات و ھەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیھان ڕابگرێت کە بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات، مەترسی دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی ئەورووپا و ئاسیا کە پێویستیان بە نەوت ھەیە، کە کاری ڕۆژانەیان لەسەر نەوتە، ئەمەریکا دڵنیای کردوونەتەوە سعوودیا ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە، بەڵام ئەستەمە لە وەرزی زستاندا بتوانرێ ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە، چونکە خواست لەسەر نەوت لەزیادبووندایە."
د. بێوار خسنی گوتیشی: "زۆر جار باران و تێکچوونی کەشوھەوا دەبێتە ھۆی ئەوەی بەزەحمەت نەوت لە ڕێگەی دەریاوە بگاتە ئەو وڵاتانە، بۆیە ئەمانە ھەمووی وا دەکەن نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرز ببێتەوە، بەتایبەت لە پێنجی مانگی داھاتووەوە ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی نەوت بەرزتر دەبێتەوە و تا کۆتایی ساڵ نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە ١٠٠ دۆلار."
د. فازل نەبی، شارەزای ئابووری و بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراقیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ھەموو پێشبینییەکان نرخی نەوت ھەر بە بەرزی دەمێنێتەوە و لە٧٠ بۆ ٧٥ دۆلار کەمتر نابێت و پێشبینی ئەوە دەکرێت نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلاریش، کە ئەمە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشدایە، بەتایبەت ئەگەر سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە جێبەجێ بکرێن، ئەوکات نرخی نەوت ھەر زۆر بەرز دەبێتەوە."
د. فازڵ نەبی گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن و پشکی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی لە لایەن بەغداوە بدرێت و نرخی نەوتیش بەو شێوەیە بە بەرزی بمینێتەوە، دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت و قەیرانی دارایی نامینێت".
بڵند ئیبراھیم




