٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوكاری گەیەندرایە ١٥٠٠ كەس لە زیانلێكەوتووانی لافاو

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بە هۆی زۆریی بارانبارین و لافاوی دوو رۆژی رابردوو و رووخانی خانووبەرەكان لە دەڤەری باڵەكایەتی و دۆڵی خانەقای سەر بە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە  ١٥٠٠  كەس زیانیان بەركەوتووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاریی خێرا بۆ خەڵكی ناوچەكە، دوای هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخی خێزانەكان، دوو كاروانی هاوكاریی گەیاندە دەڤەری باڵەكایەتی و دۆڵی خانەقا لە پارێزگای هەولێر كە تێیدا هاوكاریی ٣٠٠ خێزان و زیاتر لە ١٥٠٠ كەس كرا.

لافاوەكە بووەتە هۆی ڕووخان و وێرانبوونی ماڵی هاووڵاتیان و لەناوچوونی زەویی كوشتوكاڵیی ناوچەكە. ئیسماعیل عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی هاوكاری و فریاگوزاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە دۆخی ناوچەكە، گوتی: "بە هۆی زۆریی بارانبارین و لافاو لە ناوچەكانی باڵەكایەتی و دۆڵی خانەقا، زیاتر لە ١٥٠٠ كەس زیانیان بەركەوتووە، كە ٧٥٠ كەسیان بە بێ پەنا ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان".

لەبارەی پلانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە، عەبدولعەزیز ڕایگەیاند: "ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە زووترین كات پێویستترین پێداویستییەكانمان دەگەیەنینە شوێنی لافاوەكە و لە دوو هەڵەمەتدا بە پێی پۆلێنی دۆخی زیانلێكەوتووەكان پێداویستییەكانی وەكوو خواردن، بەتانی، دۆشەك، لایت، سێتی مەتبەخ و زۆر پێداویستیی دیكە بۆ خەڵكەكە دابین دەكەین".

دەڤەری باڵەكایەتی و دۆڵی خانەقا، دەكەونە ناوچە شاخاوییەكانی باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر لە هەرێمی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار