نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق كۆبوونه‌وه

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق كۆبوونه‌وه و له دیدارەکەدا ماكسیمۆڤ باسى له دۆخی هه‌رێمى كوردستان دوای ڕووداوه‌كانی ساڵی ڕابردوو و ئه‌و پێشكه‌وتنانه كرد كه تا ئێستا له هه‌رێم هه‌ن و توانیویه‌تی به دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شێك له گرفته‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكات.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 28/10/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له به‌ڕێز ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسولی ڕووسیا و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى دیكه، پێكهاتبوون.
له دیدارێكدا ماكسیمۆڤ باسى له دۆخی هه‌رێمى كوردستان دوای ڕووداوه‌كانی ساڵی ڕابردوو و ئه‌و پێشكه‌وتنانه كرد كه تا ئێستا له هه‌رێم هه‌ن و توانیویه‌تی به دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شێك له گرفته‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكات.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان خسته ڕوو و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق، نیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و به‌شداریی به‌هێزی لایه‌نه كوردستانییه‌كان تیایدا و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرا و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیایان به‌رز نرخاند به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا كه كۆمپانیاكانی وزه‌ی ڕووسیا له هه‌رێمی كردستان به جددی كار ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن له بواره‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، ڕۆشنبیری و بازرگانیدا په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌ره‌وپێش ببرێن.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشهاته‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.




