زیانلێکەوتووانی دەڤەری سۆران قەرەبوو دەکرێنەوە
__2018_10_28_h15m35s19__ER.jpg)
ڕواندز-KDP.info- قایمقامی ڕواندز دەڵێ، لافاو زیانێكی زۆری بە سنووری ڕواندز گەیاندووە و زیانی بە هاووڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان گەیاندووە، لیژنەمان پێك هێناوە هەموو ئەو زەرەروزیانانە بەرز دەكەینەوە بۆ سەرووی خۆمان بۆ ئەوەی بە زووترین كات پرۆژەكان نۆژەن بكرێنەوە و قەرەبووی هاووڵاتیان بكرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی بارانێكی بەلێزمەوە لە هەندێك ناوچەی كوردستان، بەتایبەتی لە سنووری قەزاكانی سۆران، ڕواندز و چۆمان، لافاو لە چەند شوێنێك هەڵسا و زەرەر و زیانێكی زۆر بە هاووڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان گەیشتووە.
لەسەر ڕاسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە بە زووترین كات لێژنەیەك بۆ خەمڵاندنی تەواوی زیانەكانی زیانلێكەوتووانی لافاو لە دەڤەری باڵەكایەتی و ناوچەكانی تر پێك بهێندرێت، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا لێژنەكە كارەكانی خۆی جێبەجێ بکات و بوودجەی پێویستی بەپەلەی بۆ تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی لە زوووترین كاتدا ژیانی هاووڵاتیان وەكو خۆی لێ بكرێتەوە و زیانلێكەوتووانیش قەرەبوو بكرێنەوە.
كوێستان ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "دوای بارینی بارانێكی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە هەندێك ناوچەی ڕواندز، 110 ماڵ زەرەرمەند بوونە و ئاو چووەتە ناو ماڵیان و هیچیان نەماوە، لەگەڵ 17 پرۆژەی ئاو تێكچوونە و گوندەكان ئێستا بێ ئاون، 14 پردی پیادە و پردێكی هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل ڕووخاوە، داوامان لە ڕێكخراوەكان كردووە كە هاوكاریی لێقەوماوان بكەن، ئەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێستا كەلوپەلی ناوماڵ و خۆراك بەسەر زەرەرمەنداندا دابەش دەكات، هاوکات مانگی سووری عێراقیش ئەمڕۆ هاوكارییان بەسەردا دابەش دەكات، داوا لە ڕێكخراو و خێرخوازەكان دەكەین بە هاوكاریی لێقەوماوانەوە بێن."
قایمقامی شارۆچكەی ڕواندز گوتیشی: "دەستمان كردووە بە خاوێنكردنەوەی ماڵەكان و ڕێگا گشتییەكان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن، لیژنەیەك پێكهاتووە و هەموو ئەو پرۆژانەی تێكچوونە دەیانكەینە لیست و بۆ سەرووی خۆمانی بەرز دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بە هانامانەوە بێن و پرۆژەكان لە ماوەیەكی زوودا چاك بكرێنەوە و قەرەبووی خەڵك بكرێتەوە".
ڕابین شێروانی




