ئومێد خۆشناو: گۆڕانكاری له دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا دهكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمان، گەشبینە بە زوویی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە و دەشڵێ، پۆستی سكرتێری پەرلەمان بۆ ئەم خولە هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمان و كاندیدی دەرچوو بۆ خولی پێنجەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، كەی دادگا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەسەند كرد، ١٠ رۆژیان لە بەردەم دەبێت بۆ یەكەم دانیشتنی خولی نوێ.
خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، وەك فڕاكسیۆنی پارتی هەوڵ دەدەن هەر لە دانیشتنی یەكەم و دوای رێكارە یاساییەكان، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا بكەنەوە، بە گوێرەی یاسا یەكەم دانیشتن بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوە دەچێت، گوتیشی: "ئومێد دەكەین بتوانین لە یەكەم دانیشتندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا بكەینەوە، كە سەرۆك و دوو جێگرە، ئێستا بە پێی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەمان، پۆستی سكرتێری پەرلەمان هەڵوەشێندراوەتەوە و نەماوە".
جەختیشی كردەوە كە، وەك فڕاكسیۆنی پارتی هەوڵ دەدەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا ببێتەوە، ئەویش لە پێناو هەرچی زووتر راسپاردنی لایەنی براوەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، "هێنانی ٤٥ كورسیی زۆرینەی پەرلەمان، هۆكارێك دەبێت تا هەرچی زووترە كارەكان جێبەجێ بكرێن".
ئەو هەروەها نایشارێتەوە، تا ئێستا نە فڕاكسیۆنی پارتی، نە فڕاكسیۆنەكانی دیكە، هیچ هەنگاوێكیان بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی چۆنیەتیی دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتییەوە نەناوە. وەك خۆی باسی كرد، چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی دادگا لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن، كە دواتر هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە دەنێن، "دوای پەسەند كردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگاوە، چ وەك فڕاكسیۆنی پارتی، چ لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسیمان و وەك هێزی براوەی یەكەم، هەوڵ بۆ یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینهی دەدەن".
خێڵان بەختیار




