٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیوا گەیلانی: ئاساییشی یەكێتی سێ ڕۆژە كادیرێكیان بێسەروشوێن كردووین

سەرچاوە: KDP.info

 

ڕانیە-KDP.info- سەعات 12ـی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ئاساییشی یەكێتی، خۆشناو ئەنوەرى بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوان دەڕفێنن، بەرپرسی لقی 11ـی ڕانیەی پارتی دەڵێ، ئاساییشی یەكێتی هیچ زانیارییەكیان لەسەر كادیرەكەیان پێ نادات.

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ـی ڕانیەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆكارێكی نادیار، ئاساییشی یەكێتی لە ڕانیە، خۆشناو ئەنوەری كادیری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانیان ڕفاندووە و تا ئێستایش هیچ زانیارییەكیان نە بە ئێمە و نە بەخانەوادەكەی نەداوە".

لەبارەی ئەوەی چییان كردووە بۆ ئازادكردنی ئەو كادیرەی یەكێتیی لاوان، گەیلانی دەڵێ: "لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە ڕانیە و كاك كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ لەسەر خەتین، تاوەكو بتوانین بە زووترین كات ئەو كادیرەمان لە دەست ئاساییشی یەكێتی لە ڕانیە ڕزگار بكەین".

بە بڕوای بەرپرسی لقی 11ـی پارتی لە ڕانیە، لایەنی دەسەڵات لە ڕانیە دوای ئەوەی پارتی لەو شارە لە 30ـی ئەیلوول دەنگەكانی بە ڕێژەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە، "دەیانەوێت كادیران و لایەنگرانی ئێمە چاوترسێن بكەن، كە ئەوەیش خەونە دەیبینن".

ئەو بەرپرسە، هەروەها هێما بۆ ئەوە دەكات: "تەواوی ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە كە لەسەر خۆشناو ئەنوەر هەن، تا ئێستا نازاندرێت ناوبراو لەسەر چی و بە چ تۆمەتێك لەناو مزگەوت دەستگیر كراوە و بەرەو شوێنی نادیار ڕفاندوویانە".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار