ساڵێك دوای داگیركاری، ھەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی بەھێزدایە
__2018_10_27_h14m49s3__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ساڵێك بەسەر گەلەكۆمەی سەر ھەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت و شرۆڤەكارێكی سیاسییش پێی وایە، ئەو دەستەڵاتدارانەی عێراق كە ڕەفتاری داگیركارییان بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدا، گەیشتن بە سزای خۆیان و دەشڵێ، ئەمەریكا و عێراق گەیشتنە ئەو باوەڕەی ئەوەی بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان دەكرێت، ھەڵەیە.
ساڵی ڕابردوو، بە ھۆی پڕۆسەی داگیركارییەوە دەستەڵاتدارانی عێراق بە چاوپۆشیی وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمەریكا، تیلەرسن، داوایان دەكرد كورد بگەڕێتەوە ئەو سنوورانەی بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ تێیدا بوون، بەڵام بە ھۆی سیاسەتی سەرۆك بارزانی و گیانفیداییی پێشمەرگە قارەمانەكانەوە، توانرا شكست بەو پیلانە بھێنرێت و ھەرێمی كوردستان دیسان توانی بگەڕێتەوە پێگەی بەھێزی خۆی.
لەو بارەیەوە، عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەكاری سیاسی، ئاماژەی دا: "فاكتەری سەرەكیی ھەستانەوەی ھەرێمی كوردستان لەو گەلەكۆمەیەی ساڵی ڕابردوو، گۆڕینی ھەڵوێستی بەغدا و نێودەوڵەتی بەرانبەر بە كوردستان بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتیی كورد و بە تایبەتی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، كە زنجیرەیەك سەردانی بۆ وڵاتانی دەرەوە دەست پێ كرد و ڕەفتارێكی ھێمن و ھەنگاوێكی دروستی نا، ئەمە دەرفەتێك بوو بۆ ڕوونكردنەوەی ڕەوشەكە و ناڕەوایی و نایاساییبوونی ئەو ھەنگاوانەی دژی کوردستان نرابوون".
لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، بە ھۆی خیانەتەوە بەشێكی خاكی كوردستان لە دەست درا، بەڵام دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە بڕیاری بەرگریی دا، توانرا لە زۆربەی بەرەكانی شەڕدا گورزی كۆشندە لە ھێزەكانی حەشد و سوپای عێراق بدرێت و زیانی بێھەژماریان بەركەوت.
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ڕووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەمەریكایشی دیاری كرد، كە ئەو زانیاریانەی نوێنەرە لۆكاڵییەكانیان لە عێراق پێیان داون لەبارەی ڕۆڵی ئێران و ڕەفتارەكانی بەغدا لە ناوچەكەدا، ھەڵە دەرچوون و ددانیان بە ھەڵەكەیاندا نا و لە زۆر ڕاپۆرت و دانوستانیشدا ئاماژەیان بەو ھەڵەیەی خۆیان كرد، لەبەر ئەوەش، لە ماوەیەكی كەمدا ئەو زمانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بە گشتی و حەیدەر عەبادی بە تایبەت گۆڕانكاری بەسەردا ھات و، لە زمانی داگیركارییەوە بۆ زمانی دانوستان و چارەكردنی كێشەكان گۆڕدرا".
چەندان جار سەرۆك بارزانی ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كە شەڕی كورد لە عێراق لەگەڵ ھیچ نەتەوە و پێكھاتەیەك نەبووە، بەڵكو لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانە بووە كە ئامادە نین مافی گەلی كورد فەراھەم بكەن و خاكی كوردان داگیر دەكەن.
بەرواری، هەروەها ڕوونی كردەوە: "بێگومان عەبادی باجی ھەڵەكانی بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان دا، چونكە بیری ھەموو لایەكە لە ساڵی ٢٠١١ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ڕەوتێك لە عێراق دەستی پێ كردووە وڵات بەرەو تاكڕۆیی دەبات، خەڵكیش گەیشتە ئەو باوەڕەی دەستەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق وڵات بەرەو تاكڕۆیی دەبەن، ھەتا نەك بەرانبەر بە كورد، بەڵكو بەرانبەر بە ھەمووی عێراق كە دەستوور جێبەجێ نەكرا ھاووڵاتییانی عێراقی خۆیان سزای ئەو دەستەڵاتدارانەیان دا بەوەی بەشدارییان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوودا نەكرد، ھەروەھا سەرنەكەوتنی ئەو دەستەڵاتدارانەی عێراق پەیوەندی بەو ڕەفتارانەی خۆیانەوە ھەبوو، كە خەریكبوو خەڵكی عێراق لە بێئاوی و برسێتیدا بكوژن".
قائید میرۆ




