نەوزاد هادی: لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو پێك هاتووە
__2018_10_27_h10m21s30__RM.jpg)
سۆران -KDP.info- بە هۆی بارینی بارانی بەخوڕ، لافاو لە چەند ناوچەیەكی باڵەكایەتی دروست بوو و زیانی ماددیی بە چەندین خانوو گەیاندووە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو پێك هاتووە و ئەو بڕەپارەیەی كە پێویستە بۆ قەرەبووكردنەوەیان، دیاری دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی شارۆچكەی سۆران، لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی داوە: "لە سنووری بنكەی بەرگریی شارستانیی سیدەكان، 3 پرد بە هۆی لافاوەوە رووخاون، پردێك لە گوندی بۆڵ، پردێك لە گوندی گولیژكی و پردێك لە ناو سیدەكان. هەروەها 10 باخچە و رەزی هاووڵاتیان زیانیان پێ گەییشتووە، هەروەها لە سنووری بنكەی بەرگریی شارستانیی حاجی ئۆمەران لە گوندی دەربەند ڕووخانی پردێك لەناو بەینی سۆرەپان و ناو گوند هەبووە. ئۆتۆمبێلێك لە جۆری مەرزییە كە تا ئێستا نادیارە، ئۆتۆمێلێكی دادنووس لە جۆری شۆفلێت ئۆپترا زەرەری بەركەوتووە، رووخانی دیواری گۆڕستان، 7 ماڵی هاووڵاتیان بە هۆی لافاوەوە ژێر ئاو كەوتوون، 3 باخچەی هاووڵاتیان زیانیان پێ كەوتووە، لە سنووری ناحیەی سمیلان 6 دووكان ژێر ئاو كەوتوونە، ئۆتۆمبێلێك زیانی بەركەوتووە، هەروەها رووخانی پردێكی ئاسن. چەند باخچەی هاووڵاتیان زیانیان بەركەوتووە كە لەسەر لێواری رووبارن، ئەم لافاوە زیانی ماددیی گەورەی بە هاووڵاتیانی دەڤەرەكەمان گەیاند، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ڕێگەوبان و پرد و ئاو و كارەبای پەك خست".
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو پێك دێت و بە شێوەیەكی راستەوخۆ ئەو بڕەپارەیەی كە پێویستە بۆ قەرەبووكردنەوەیان، دیاری دەكرێت بۆ ئەوەی چارەی كێشەكانیان بكرێت".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "ئەمڕۆ تیمێكی دیكەی ئەندازیاری سەردانی ناوچەكە دەكات و دیراسەی پردەكان دەكات، هەروەها ئەوەی پێویست بێ دەیكات بۆ زووچاككردنەوەی پردەكان، لیژنەكانیش دەستبەكار بوونە بۆ دیراسەكردنی زەرەر و زیانەكان و چارەكردنی كێشەكان".
ڕابین شێروانی




