بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر: لەناو سەنتەری شاری ھەولێریش دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر دەڵێ: "لە چەند رۆژی ڕابردوو بەغدا رێژەیەكی زیاتر نەوتی بۆ هەولێر رەوانە كردووە و ئێمەیش دەستمان بە دابەشكردنی نەوت لەناو سەنتەری ھەولێر كردووە و بەردەوامیش دەبین".
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری ھەولێر، مستەفا تەھا، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەكە دەستمان بە دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان كردووە و ماوەی چەند رۆژێكیشە لە بەغداوە ناردنی نەوت زیادی كردووە، بۆیە ئێمەیش لەگەڵ ناوچە شاخاوییەكاندا، لەناو سەنتەری شاری ھەولێریش دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە و سەرەتایش لە گەڕەكە ھەژارنشینەكان نەوت دابەش دەكرێت، كە رۆژی پێنجشەممە لە گەڕەكی سەیداوە نەوت دابەش كراوە و ئەمڕۆیش لە كەسنەزان دابەش دەكرێت، بەردەوامیش دەبین تاوەكو ھەموو ھاووڵاتیان نەوت وەردەگرن".
تەھا گوتیشی: "ئێمە لە سنووری ھەولێر بە گشتی پێویستمان بە ١٠٠ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و بۆ ئەمساڵیش لە ناوشار بەرمیلێك نەوت بە ٥٠ هەزار دینار بە ھاووڵاتیان دەدرێت و لە دەرەوەی شاریش بە ٥١ھەزار دینار، كە ھەر بەرمیلێك ٢٢٠لیتر نەوتی سپیی تێدایە".
بڵند ئیبراھیم




