شارەزایەکی یاسایی: پێویستە کورد هەوڵی دروستکردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی بدات
__2018_10_23_h19m38s10__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- شارەزایەکی یاسایی دەڵێ، پێویستە لە خولی داھاتوودا کورد ھەموو ھەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی سێ ماددەی سەرەکیی دەستوور بدات، بەتایبەت یاسای دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، چونکە ئەگەر ئەو ئەنجومەنە ھەبێت پەرلەمان ناتوانێت ھیچ یاسایەک دژی ھەرێم دەربکات و ھەرێم مافی ڤیتۆی دەبێت لەسەر ئەو یاسایانەی دژی ھەرێم دەردەکرێن.
شارەزای یاسایی و ئەندامێ پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی یاسایی، ئازاد ئەبووبەکر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سێ ماددەی سەرەکی لە دەستووردا ھەیە، پێویستە لە کابینەی نوێدا ھەموو ھەوڵەکانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ ماددەیە بن، ئەوانیش ماددەی ٦٥ و١٤٠ و ١١٢ـن، چونکە ئەگەر ئەو سێ ماددەیە جێبەجێ نەکرێن، فیدراڵییەت لە عێراقدا ناچەسپێت و شەراکەت و ھاوسەنگی نابێت."
ئازاد ئەبووبەکر گوتی: "لە ماددەی ٦٥دا باسی دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی دەکرێت، بۆیە گرنگە کورد لە کابینەی نوێدا جەخت لەسەر دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە بکات، چونکە لە ھەموو وڵاتان دوو پەرلەمان ھەیە، یەکێک پەرلەمانە و ئەوەی دیکە ئەنجومەنی ھەرێمەکانە، بۆیە بەغدا نایەوێت ئەو ئەنجومەنە دروست بێت، چونکە بە دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە فیدراڵییەت دەچەسپێت. کاتی خۆی لەسەر ئەو ئەنجومەنە چەندین خولمان لە وڵاتان بەڕێوە برد، بەڵام لە لایەن دەوڵەتی یاسا و ھەندێک لایەنی دیکەوە ڕێگری لێ کرا، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو ئەنجومەنە ھەبێت ئەوکات ھەرێمی کوردستان مافی ڤیتۆی دەبێت و ناتوانن مافی ھەرێم بخۆن و هەرێم مافی ڤیتۆی دەبێت لەسەر ھەر یاسایەک کە دژی ھەرێم بێت."
ئازاد ئەبووبەکر گوتیشی: "لە ئەمەریکا ئەنجومەنی پیران ھەیە کە ١٠٠ ئەندامی ھەیە و ھەر ھەرێمێک دوو ئەندامی لەو ئەنجومەنەدا ھەیە و ھەر یاسایەک دژی ھەرێمی ئەوان بێت مافی ڤیتۆیان ھەیە. لە ئەڵمانیاش بە ھەمان شێوە ئەو ئەنجومەنە ھەیە، بۆیە گرنگە پەرلەمانتارانی کورد ھەوڵی پەسەندکردنی ئەو یاسایە بدەن."
ئەو شارەزای یاساییە باسی لەوەش کرد: "دەرکردنی ئەو یاسایە بۆ ئەوەی ئەو ئەنجومەنە دروست بێت سوودی زۆری بۆ کورد ھەیە، بەڵام بەغدا ڕێگری دەکات، بۆیە ناکرێ تەنیا پارتی داوای بکات و پێویستە ھەموو لایەنەکانی کورد داوای دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە بکەن."
بڵند ئیبراھیم




