ڕێبوار بابکەیی: دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێ لە ١٠ ڕۆژدا دانیشتنی پەرلەمان بکەین

هەولێر-KDP.info- شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی، ئهنجامی كۆتاییی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستانی ڕاگهیاند، کاندیدێکی دەرچوو بۆ پەرلەمانیش دەڵێ، کە دوای پەسەندکردنی ئەنجومەنی دادوەری لەسەر ئەنجامەکان، خولی پێنجەم دانیشتنی نائاساییی خۆی دەکات و بەکراوەیی جێی دێڵێت، تا سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بە ڕێککەوتن دادەنرێن.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم هەڵبژاردنەدا به جیاوازییەكی زۆر و به بهدهستهێنانی ٤٥ كورسی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پلهی یهكهمی بهدهست هێنا، کە هیچ هێزێکی کورد نەیتوانیوە نیوەی کوردسییەکانی پارتی بەدەست بێنێت.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسیی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بابەتی سکاڵاکان ماوە، هاوکات پەسەندکردنی ئەنجامەکانیش لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە دەکرێت".
بە پێی یاسا، لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆتاییی هەرڵبژاردن، ١٠ ڕۆژ دیاری کراوە وەک دواوادە بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان و هاوکات پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، ئەویش کاتێک دێت، کە هەندێ لایەن ئەنجامی کۆتاییی کۆمسیۆن قبووڵ نەکەن.
ڕێبوار بابکەیی، کاندیدی دەرچوو بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر لیستی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن کۆمسیۆنەوە ئەنجامی هەڵبژارن ڕاگەیاندرا، چاوەڕێی دوابڕیاری دادگا دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت".
بابکەیی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، بە لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن دادگاوە ناو دەبات، کە لە ڕووی یاساییەوە، ١٠ ڕۆژیان لە بەردەم دەبێت، تا یەکەم دانیشتنی نائاسایی ئەنجام بدرێت و تێیدا کاندیدە دەرچووەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و ئەرک و مافی پەرلەمانتارییان پێ دەسپێردرێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: "لایەنی براوە بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دامەزراندنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات."
کاندیدە دەرچووەکەی لیستی پارتی، جەخت دەکاتەوە، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی هەرێم، بە کراوەیی دەهێڵدرێتەوە، تا ئەوکاتەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکوومەت ڕێک دەکەون.
بەو پێیەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دابەش کراوە، دەسەڵاتی ڕاسپاردنی لایەنی براوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت دراوەتە ئەنجومەنی دادوەری، وەک بابکەیی ئاماژەی پێ دا: "دەسەڵاتی دادوەری هێزی براوە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، کە لە ڕووی یاساییەوە مانگێکی لەبەردەم دەبێت."
خێڵان بەختیار




