وەزارەتی خوێندنی باڵا 16 هەزار كورسیی خوێندن ڕادەگەیێنێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پلانی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی نوێ بڵاو دەكاتەوە، بەپێی ئەو پلانەیش (16 هەزار) كورسیی خوێندن خراوەتە بەردەست كە دەرفەتێكی زیاتر بە قوتابیان دەدات تا بێبەش نەبن لە درێژەدان بە خوێندن.
لە راگەیێندراوێكدا كە بۆ ماڵپهڕی فهرمی پارتی نێردراوه، هاتووە: "دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی وەرگرتنی لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد كرد، بە شێوەیەك بە هۆی پلانەكەوە (16) هەزار كورسیی خوێندن بۆ ئەو خوێندكارانە خرایە بەردەست كە لە هیچ شوێنێك وەرنەگیراون".
لە راگەیێندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە روو، بە هۆی ئەو بڕیارەوە، (5 هەزار و دووسەد) سكاڵا تۆمار كرا، نزیكەی (11 هەزار) كورسی بە بەتاڵی مانەوە.
دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:
دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی وەرگرتنی لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد كرد، بە شێوەیەك بە هۆی پلانەكەوە (16) هەزار كورسیی خوێندن بۆ ئەو خوێندكارانە خرایە بەردەست، كە لە هیچ شوێنێك وەرنەگیراون، لە ئەنجامدا (5 هەزار و دووسەد) سكاڵا تۆمار كران، بەڵام نزیكەی (11 هەزار) كورسی بە بەتاڵی مانەوە.
لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچووانی خولی دووەمی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێكی گرنگی دا، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
1. جەخت كردنەوە لەسەر ئەوەی كە جیاوازیی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لە نێوان خولی یەكەم و خولی دووەم بە شێوەیەك بێت لە (3) نمرە زیاتر تێپەڕ نەكات. سیستمی سكاڵاكەیش بە شێوەیەك ڕێك خراوە كە لە هەر بەشێك بەپێی پێویست سیستمەكە خۆی كورسی بۆ دەرچووانی خولی دووەم زیاد دەكات، تا جیاوازیی نێوان كەمترین كۆنمرەی هەردوو خول دێتە كەمتر لە ٣ نمرە.
2. ئەو (٥٠) شوێنەی دەرچووانی خولی دووەمی دوانزەی ئامادەیی پێشتر داواكارییان لێی پێشكەش كردووە، بەپێی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان، واتە ئەگەر نمرەی دەرچوو بەپێی ئەو (٥٠) شوێنەی هەڵبژاردووە وەرگیرابێت، ئەوا بەپێی ریزبەندی سیستمەكە ئەو شوێنەی بۆ دەستنیشان دەكات.
3. كردنەوەی دەرگای سكاڵاتۆماركردن بۆ سەرجەم دەرچووانی خولی دووەم، بۆیە لە ڕێكەوتی (25/10/2018) تا (30/10/2018) دەرچووانی خولی دووەم دەتوانن بە هەمان وشەی تێپەڕ و وشەی نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) سكاڵاكانیان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بە شێوەی ئۆنڵاین تۆمار بكەن.
4. ئەو (860) دەرچووەی كە سەرباری ئەوەی (50) شوێنیان لە فۆرمی پێشكەشكردن لە سیستمەكانی وەرگرتن پڕ كردووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لیستی شوێنەكانیان ڕەوانە نەكردبوو (Submit)، ناویان لە هیچ شوێنێك نەگەڕابووەوە، ئەگەر لە دەرچووانی خولی دووەم بن، ئەوا بە هەمان شێوە ئەوانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
5. ئەو (5200) دەرچووەی كە لە ماوەی سكاڵای یەكەم جار سكاڵایان تۆمار كردبوو، دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرنەوە و، بە سكاڵاكانیاندا بچنەوە.
6. دەرچوانی خولی دووەم، كە ناویان لە هەر شوێنێك گەڕاوەتەوە و ئێستا وەرگیراون، بەڵام بە شوێنەكانیان ڕازی نین، بە هەمان شێوە دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.
7. هەر دەرچوویەكی خولی دووەم، كە پێشتر نەیتوانیوە سكاڵا تۆمار بكات، لە ماوەی دیاریكراودا دەتوانێ سكاڵای خۆی تۆمار بكات.




