بەشی خۆم بۆ خۆم، بەشی تۆیش دەخۆم

هۆشیار سیوەیلی
کێشمەکێشەکانی پرسی سەرۆککۆماری عێراق لە ناو سەرکردایەتیی یەکێتی بە پلەی یەکەم و دواتر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هێشتا یەکلا نەبووهتەوە. هەرچەندە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی د. بەرهەم ساڵحی کاندید کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام دووبارەکردنەوەی سیناریۆی خوولی پێشوو کە دکتۆر نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، هێشتا ئەگەرێکە بە تایبەتی وەک دەبیستین کە دکتۆرێکی تری زۆر نزیک لە ناوەندی دەسەڵات، بە نیازن خۆیان کاندید بکهن و پارتییش ناڕازییە بە دیاریکردنی تاکلایەنەی کاندید بۆ پۆستەکە.
دیاریکردنی دکتۆر بەرهەهەم بەبێ ڕەزامەندیی پارتی پێچەوانەی هەموو ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە بوو کە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئەنجام دراون و، پێچەوانەی میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدە لە خوولەکانی پێشووتردا. لە سێ خولەکەی تردا کاتێک سەرۆک مام جەلال بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک بوو، بە ڕەزامەندیی سەرۆک بارزانی و پارتی بوو. کاتێکیش د. فوئاد مەعسووم بووە سەرۆک، نەک تەنیا ئۆکەی پارتی لەسەر بوو، بەڵکو پارتی نەبوایە نەدەبووە سەرۆک. ئەی باشە بۆچی ئێستا یەکێتی کە بە بەراورد لەگەڵ کەشی سیاسی و جەماوەریی سێ خوولەکەی تر لاوازترە، بەبێ ڕەزامەندیی هاوبەشە ستراتیژییەکەی هەنگاوێکی لەم چەشنە دەنێت؟ من ناتوانم وەڵامی ڕاستەوخۆی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەتوانم ئەوە بڵێم هەوڵێکی جیددی دەرەکی هەیە بۆ یەکخستنی بەرەی سلێمانی!
جگە لە مەسەلەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، مەسەلەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش کە لە ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە کورد سەندراوەتەوە، بابەتێکی ترە کە پێویستی بە بڕیاری هاوبەشی پارتی و یەکێتییە. یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت پارێزگاری کەرکووک ئەوان دیاری بکەن، لە کاتێکدا ئەوان خۆیان پارێزگارەکەی خۆیان بە قەمە و نێزەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەرکرد. پاساوی ئەوان بۆ داکۆکیکردن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار بریتییە لە (ئیستحقاقی) هەڵبژاردن، واتە لەبەرئەوەی شەش کورسیی پارێزگاکە لە پەرلەمانی فیدراڵیدا هیی ئەوانە، دەبێت پارێزگاریش ئەوان دیاری بکەن. من هەمیشە پارێزگارێکی کوردی دادپەروەرم پێ باشترە لە پارێزگارێکی عەرەب یان تورکمان، کە جگە برایەتی و تەباییی پێکهاتەکانی کەرکووک، هەموو ئەجێندایەکی تری هەبێت. من حەز ئەکەم ئەو کوردەی دەبێتە پارێزگار پارتییەکی دڵسۆز و کارا و کوردپەروەر بێت، بەڵام هەمیشە یەکێتییەکی دڵسۆز و کارا و کوردپەروەرم لە پارتییەکی ڕەفتار پێچەوانەی ڕێبازی بارزانی پێباشترە.
یەکێتی لای وایە کە دەبێت پارێزگاری کەرکووک ئەوان دیاری بکەن، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو ڕەوایەتییەیان دەداتێ، ئەی باشە بۆچی هەمان شت بۆ پارتی بە ڕەوا نابینن لە کاتێکدا پارتی گەورەرترین حیزبی کوردستانیی ناو پەرلەمانی فیدراڵییە و خاوەن ٢٥ کورسییە. ئەگەر (ئیستحقاقی) هەڵبژاردن بنەما و پێوەر بێت، دەبێت لە بەغدا و کەرکووک هەمان پێوەر بە کار بهێنریت، با لۆجیکە سەقەتەکەی بانێکە و دوو هەوا بە کار نەهێنرێت.
ناکرێت یەکێتی بەشەکەی خۆی لە کەرکووک بۆ خۆی بێت و بەشەکەی پارتییش لە بەغدا بخوات.




