مەترسییەکانی پەکەکە و سەروەریی هەرێمی کوردستان

د. ڤیان سلێمان
دوای تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر هێرشی تیرۆریستانی داعش و، شەهید و برینداربوونی هەزاران پێشمەرگەی کوردستان، لە ئێستادا خاکی کوردستان لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوە و بە سەرکردایەتی و پلان و ستراتیژی سەرۆک بارزانی و ئازایەتیی پێشمەرگە و خۆراگری خەڵکی کوردستان، مەترسیی تیرۆریستان لەسەر خاکی کوردستان دوور خرایەوە، بارودۆخ بەرەو ئارامی دەروا و بە راسپاردەی سەرۆک بارزانی چەندین هەوڵ بۆ گفتوگۆ و رێککەوتنی لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم لە ئارادایە بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بە چارەسەر بۆ کێشە ناوخۆییەکان و، یەکهەڵوێستی لە بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان بە تایبەت پرسی سەربەخۆیی.
لەم کاتە هەستیارەدا پەکەکە وەک پیشەی هەمەجارەیان رۆڵی داردەست و بەکرێگیراو بۆ وڵاتانی ناحەزی کوردستان دەگێڕن، ئەم رێکخراوە خاوەنی پێشینەیەکی نەتەوەیی و ناوبانگێکی نێودەوڵەتی باش نییە و ناوی لە لیستی تیرۆردایە، بەکارهێنانی منداڵ و ترساندنی خەڵکی سڤیل، لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و داگیرکردنی بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان و تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەکان، رفاندنن و پڕكردنی مێشکی گەنجان و منداڵانی هەرێمی کوردستان، ئەم کارانە ئەگەر کاری رێکخراوێکی تیرۆریستی نەبن چیدیکە نین.
بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگندەی دژ بە هەرێم و ئایدۆلۆژیای دژەنەتەوەیی و بانگەوازی دژ بە سەربەخۆییی کوردستان، چەتەییانە رێگریکردن لە کاروانی پێشمەرگەکانی رۆژاوا، کە لە رێگادا بوون بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم هەڵوێستە و کارە پێشینەکانی ئەم رێکخراوە دەرخەری ئەو راستییەن، کەوا ئەم رێکخراوە دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە.
مایەی نیگەرانییە، کەوا هەندێک کەس و لایەن لە هەرێمی کوردستان پشتیان کردووهتە بەرژەوەندیی هەرێم و روویان لە ئەجێندای پەکەکەیە، کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەوڵی سەپاندنی هەژموونی سیاسی و چەکداری و بەڵکو ئایدۆلۆژیی خۆی دەدات لەسەر هەرێمی کوردستان، هەربۆیە پێویستە هەرچی زووە دەستی ئەم رێکخراوە لە هەرێمی کوردستان دوور بخرێتەوە و بوونی چەکدارییان نەهێڵدرێت و، هەموو ئەو ناوچانەی کە خاکی هەرێمی کوردستانه و لەژێر دەستی پەکەکەدان، بەو هۆیەوە دەستی ئاوەدانی و پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێم پێیان ناگا و دانیشتوانەکانیشیان لەبەردەم هەرەشە و مەترسیی هەمەلایەنەی پەکەکە و ئایدۆلۆژیا توندئاژۆکەیدان بگەڕێنرێنەوە و، حکوومەتی هەرێم هۆشداریی تووند بەم رێکخراوە بدات و، لە هەمان کاتیشدا لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم دژی دەستتێوەردانەکانی پەکەکە بوەستنەوە و لە بارەی ئەم پرسەوە یەکهەڵوێست بن.




