کورد و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا و چه‌ند گله‌ییه‌کی دۆستانه

فەیسەڵ دەباغ
سه‌باره‌ت به سه‌فقه‌ی چه‌کی ئه‌مه‌ریکایییه‌وه حکوومه‌تی به‌غدا و کورد، دوو دید و ئاراسته‌ی جیاوازیان هه‌یه؛ حکوومه‌تی به‌غدا له هه‌وڵ و کۆششدایه قه‌ناعه‌ت به ئه‌مه‌ریکایییه‌کان بهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین کات ئه‌و چه‌کانه ڕاده‌ستی بکات، پاش ئه‌وه‌ی سه‌فقه ڕووسییه‌که‌ی به هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه ته‌گه‌ره‌ی تێ که‌وت.
سه‌رۆکوه‌زیران کاتێ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌مه‌ریکایی بۆ کۆبوونه‌وه‌کانی لیژنه‌ی ئه‌منی و به‌رگریی هاوبه‌شی ئێراقی ـ ئه‌مه‌ریکاییدا، کۆ بووه‌وه، ئه‌م ئاره‌زووه‌ی خۆی له شانده‌که نه‌شارده‌وه و پێی ڕاگه‌یاندن که سوپای ئێراق پێویستی به‌و چه‌کانه هه‌یه تا به هۆیه‌وه به‌رگری له خاکی ئێراق بکات! ئینجا داوای لێ کردن که قۆناغه‌کانی ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌کانه کورت بکرێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا کورد پێی وایه پێویسته ئه‌مه‌ریکا وه‌ک به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی ئه‌خلاقی ئه‌و چه‌کانه راده‌ستی حکوومه‌تی به‌غدا نه‌کات، ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستیشی کرد، ده‌بێ ئه‌و مه‌رجه‌ی بخاته سه‌ر که ئه‌و چه‌کانه له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌کاندا یان دژ به پێکهاته‌یه‌کی وڵاته‌که‌ی به‌کار نه‌هێنێت و له‌مه‌شدا کورد مافی خۆیه‌تی ئه‌م داوایه بکات، چونکه ئه‌و چه‌کانه‌ی که به‌ر له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕاده‌ستی به‌غدا کرا، ئێستا خه‌ریکە دژ به کورد به کار ده‌هێنرێت و به‌یاننامه‌که‌ی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراقیش به‌شێکه له‌و هه‌قه‌ی کورد.
عارف ته‌یفوور له به‌یاننامه‌که‌یدا داوای له سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا کردووه که هه‌رچی زووه ڕێگه بگرێت له به‌کارهێنانی چه‌کی ئه‌مه‌ریکایی له لایه‌ن سوپای به‌غداوه دژ به کورد.
جێگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ئه‌رکی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکایشی زانی که ڕێوشوێنی پێویستی بگرێته به‌ر بۆ ڕاگرتنی یه‌که سه‌ربازییه‌کان و چه‌که قورسه‌کان و نه‌هێڵێت بۆ پاکتاوکردن و سه‌رکوتکردنی کوردستانیان به تایبه‌ت و ئێراقییه‌کان به گشتی به کار بهێنرێن.
ته‌یفوور هاوکات داوایشی له کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوه جیهانییه‌کان کرد لەم پرۆسه‌یه‌دا پشتیوانیی گه‌لی کورد بکه‌ن و چاره‌سه‌رێکی کۆتایی بۆ کێشه‌ی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بدۆزنه‌وه، چونکه ئه‌و گه‌له به هۆی پرۆسه‌کانی ئه‌نفال و گۆڕی به کۆمه‌ڵ و کیمیاباران و سووتاندنی هه‌زاران گوندی کوردستان، زۆر ئازاری چێشتووه و ده‌یه‌وێ راده‌یه‌ک بۆ ئه‌و ئازارانه دابنرێ و هه‌موو ڕۆژێ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ نه‌کرێ.
حکوومه‌تی به‌غدا و هه‌ندێ لایه‌نی ئێراقی، کورد به‌وه تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که به‌م هه‌وڵه‌یان ده‌یانه‌وێ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بگه‌ڕێننه‌وه ئێراق که ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که باوه‌ڕیان به ده‌ستوور و ڕێککه‌وتنه ستراتیژییه‌کان نه‌ماوه و ئه‌م کاره‌یشیان پیچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسایه، چونکه گه‌لی ئێراق به خۆی داگیرکه‌ری ئه‌مه‌ریکای ده‌رکرد و ڕازییش نابێ هیچ لایه‌نێک ئه‌و داگیرکه‌ره بگه‌ڕێنێته‌وه.
هه‌م حکوومه‌تی به‌غدا و هه‌میش ئه‌و لایه‌نانه‌ی که ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌و شێوه‌یه ده‌ورووژێننه‌وه، له هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانن که ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به ده‌ستی کورده‌وه نییه، به‌ڵکو به ده‌ست حکوومه‌تی به‌غداوه‌یه که به توندی دژی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌یه که کۆتاییی ساڵی ڕابردوو به پێی رێكکه‌وتنێکی نێوان حکوومه‌ته‌که‌ی به‌غدا و واشنتۆن له ئێراق پاشه‌کشه‌ی کردووه، که ئه‌مه یه‌کێکه له هه‌ڵه زه‌قه‌کانی ئه‌مه‌ریکا نه‌ک هه‌ر ده‌رهه‌ق به کورد، به‌ڵکو ده‌رهه‌ق به دۆستانیشی.
کورد له پڕچه‌ککردنی ئێراق ناترسێ و دژیشی نییه، به‌ڵام ترسه‌که‌ی له‌وه‌دایه نه‌وه‌کو ئه‌و چه‌کانه له دژی به کار بێت و نموونه‌یش زۆرن؛ هه‌ر له ڕووداوه‌که‌ی قه‌ره‌ته‌په‌وه تا ده‌گاته گرژییه‌کانی ئه‌م دوایییه و له‌شکرکێشییه‌کی حکوومه‌ته‌كەی به‌غدا بۆ سه‌ر ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و هه‌ڕه‌شه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کانی له سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع به زه‌بری چه‌ک، به سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا؛ واته چه‌کی ئه‌مه‌ریکایی، که ئه‌مه‌یش به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی ئه‌خلاقی ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریکا.
له کاتی حوکمڕانیی ‹دیگۆل›ـدا ئێراق به سه‌فقه‌یه‌کی کڕینی فڕۆکه‌ی ‹میراج›ـی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا مۆر کرد، به‌ڵام به هۆی نامه‌یه‌کی بارزانی نه‌مره‌وه که بۆ دیگۆلی ناردبوو، داوای لێ کردبوو که له ڕووی مرۆیییه‌وه ئه‌و سه‌فقه‌یه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، چونکه حکوومه‌تی ئێراق بۆ قڕکردنی کورد به کاریان ده‌هێنێت و ئیتر دیگۆلیش به‌بێ ئەوەی حیساب بۆ ئه‌و زیانه بکات که به هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌فقه‌که به وڵاته‌که‌ی ده‌گات، یه‌کسه‌ر هه‌ڵی وه‌شانده‌وه. ئه‌و کات کورد هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به فه‌ره‌نساوه نه‌بوو، هیچیشی بۆ نه‌کردبوو، به‌ڵام به هۆی سیاسه‌ته مرۆیییه‌که‌ی دیگۆله‌وه سه‌فقه‌که هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه.
که‌س نکۆڵی له‌وه ناکات که کورد خزمه‌تێکی زۆری ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی کردووه هه‌ر له ئازادکردنی ئێراقه‌وه بگره تا ده‌گاته ئه‌مڕۆ؛ کورد تاکه پێکهاته‌یه‌ک بوو شان به شانی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌شداریی له ئازادکردنی ئێراقدا کرد و له‌و پێناوه‌یشدا قوربانییه‌کی زۆری دا. ئه‌مه له کاتێکدا پێکهاته‌کانی دیکه‌ی ئێراق، ئێستایش به چاوی داگیرکه‌ر سه‌یری ده‌که‌ن. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه به بیری خۆیان بهێننه‌وه که ئه‌گه‌ر قوربانییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا داگیرکه‌ر و کورد نه‌بووایه، نه ئێراق ئازاد ده‌کرا و نه ئه‌وانیش له‌سه‌ر حازری له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی حوکمی ئێراق داده‌نیشتن.
کورد دژی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بوو له ئێراق، چونکه ده‌یزانی که پاش کشانه‌وه، گیروگرفتێکی زۆری بۆ ده‌نێنه‌وه، بۆیه لێره‌دا مافی خۆیه‌تی گله‌یی له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا بکات که پاش ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی نه‌ک هه‌ر سوودێکی ئه‌وتۆی بۆ نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌و به‌ڵێنانه‌یشی جێبه‌جێ نه‌کرد که پێی دابوو.
نه‌ک هه‌ر ئه‌مه و به‌س، به‌ڵکو جار به جار لێدوانی وا ده‌ده‌ن که به راستی به‌و لێدوانانه ئازارمان ده‌ده‌ن؛ بۆ نموونه له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕۆلێکی به‌رچاو له چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ببینێ و فشار بخاته سه‌ر حکوومه‌تی به‌غدا و پێی بڵێ، هه‌ر له‌شکرکێشییه‌ک بۆ سه‌ر هه‌رێم، هێڵی سووره، ده‌بینین بریکاری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و وڵاته پشتگیریی خۆی بۆ حکوومه‌ته‌که‌ی به‌غدا دووپات ده‌کاته‌وه له پڕچه‌ککردنی زیاتری ئه‌و سوپایه‌ی که ئێستا هه‌ڕه‌شه له کورد ده‌کات. هه‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌یش سه‌باره‌ت به دانوستاندنی نێوان تورکیا و هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به ڕێککه‌وتنێکی نه‌وت ده‌ڵێ: ئێمه پشتگیری له‌وه ناکه‌ین به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی ئێراق له ناوچه‌یه‌کی ئێراقه‌وه نه‌وت هه‌ناردەی ده‌ره‌وه بکرێت! بیانوویشی ئه‌وه‌یه که ئه‌م کاره هه‌رێم له سه‌ربه‌خۆیی نزیک ده‌کاته‌وه؛ به پێی شیکردنەوە‌که‌ی بن فان هیوفی له واشنتۆن پۆست.
من هیچ ناڵێم، به‌ڵام وه‌کو کوردێک داوا له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌م که چیتر غه‌در له کورد نه‌کات و ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بێت پشتیوانیی لێ بکات و قوربانییه‌کانی له به‌ر چاو بگرێت.
له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی 1991ـدا کورد که‌رکووکی ئازاد کرد، به‌ڵام به هۆی دانوستانی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام و ڕاگرتنی شه‌ڕه‌که، به‌م کاره‌یان بواریان به ڕژێم دا هیزه‌که‌ی ڕه‌وانه‌ی که‌رکووک بکات و داگیری بکاته‌وه.
له پرۆسه‌ی ئازادکردنی ئێراقیشدا کورد توانیی دیسان که‌رکووک ئازاد بکاته‌وه به‌ڵام به هۆی فشاری ئه‌و کاته‌ی سوپای ئه‌مه‌ریکاوه ناچار بوو، هێزه‌کانی له که‌رکووک بکشێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و کات ئه‌و فشاره‌ی ئه‌مه‌ریکا نه‌بووایه، ئێستا هیچ کێشه‌یه‌ک له که‌رکووک نه‌مابوو.
هه‌روا له کاتی نووسینه‌وه‌ی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا مادده‌یه‌کی تایبه‌ت به چارسه‌رکردنی کێشه‌ی ناوچه کوردستانییه‌کانی تر دانرا و چه‌ند جارێکیش ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا به‌ڵێنی دا که به‌ر له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه ده‌کات به‌ڵام نه‌یکرد.
کاتێ یاسای هه‌ڵبژاردنیش دانرا، کورد تێبینیی له‌سه‌ر هه‌بوو، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به هه‌ندێ به‌ڵێنی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا و باڵیۆزه‌که‌ی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی له ئێراق، کورد پێی ڕازی بوو، به‌ڵام ئه‌ویش جێبه‌جێ نه‌کرا و به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مه‌ریکایش، خه‌ریک بوو کێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم بگه‌نه ئاستێکی خه‌ته‌رناک، به‌ڵام هه‌مدیسان داوا له کورد کرا تا کۆتاییی هه‌ڵبژاردنه‌که بێده‌نگ بێت، بۆیه پاش ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌که به خۆیان چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام و سه‌د جار نه ئه‌و به‌ڵێنه و نه به‌ڵێنه‌کانی پێشوویش جێبه‌جێ نه‌کران.
زۆر جار وه‌کو تاکێکی ئه‌م کوردستانه ئه‌و پرسیاره له خۆم ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم: تۆ بڵێی ئه‌مه‌ریکا ئه‌و زلهیزه ئه‌وه‌نده ساده بێت، تا بێت و ئه‌و هه‌موو چه‌که بداته به‌غدا و بیریشی له ئه‌نجامه مه‌ترسیداره‌کانی نه‌کاته‌وه، نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر کورد و وڵاته دراوسێکانی له ناوچه‌که‌دا، به‌ڵکو سه‌باره‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیشی له مه‌ودای دووردا؟
من وه‌کو سیاسه‌تکار و نووسه‌رێک ــ به حوکمی ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌م بۆ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مه‌ریکا ــ زۆر جار ده‌گەمە ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که هه‌ندێ کاری سیاسیی ئه‌و وڵاته کورتبینییان پێوه دیاره و ئه‌م کاره‌یشی واته پڕچه‌ککردنی سوپای ئێراقیش هه‌روه‌کو کاره‌کانی پێشووی هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژیی گه‌وره‌یه و پێیشم وایه له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا نرخه‌که‌ی به ده به‌رابه‌ر ده‌داته‌وه، جا به خۆی بێت یان هاوپه‌یمانه‌کانی له ناوچه‌که‌دا.




