هەولێر بۆتە پایتەختی عێراق !!!

ن: كامەران عومەر
ئەمرۆ هەموو عێراقییەكان لە ناوەڕاست و باشوورەوە ناتوانن تەفسیری ئەو رووداوە بخوێننەوە كە ئێستا لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لە ئارادایە، لە كاتێكدا نووری مالكی سەرۆك وەزیران عێراق دهۆلی شەری كورد و عەرەب و داگیر كردنەوەی كوردستان لێدەدات و هێز لە ناوەڕاست و باشوورەوە بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەنێرێ .دوور لە سێبەری شەرو جەنگ رۆژانە دەیان چالاكی جۆراو جۆری رۆشنبیری و ئابووری لە هەولێر بەرێوەدەچێت؛ وەك بلێ هەرێمی كوردستان بەشێك لەعێراقی پر كێشمەكێش نییە.لە دوا رووپێوی رێكخراوی میرسەری نێو دەوڵەتی ؛ كە چەند رۆژێك بەر لەئێستا خرایەڕوو بەغدای پایتەخت كە ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار بوودجەكەیەتی بە ناخۆشترین و خراپترین پایتەختی لە جیهان ناساندووە.لە هەمان كاتدا هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە لەلایەن كۆمكاری عەربییەوە بە پایتەختی گەشتیاری عەرەبی بۆ ساڵی دوو هەزارو چواردە هەژماركراوە ..پێشكەوتنەكانی هەولێر تەنیا لە رووی گەشتیاری و ئارامی و ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە نەبووە؛ بەڵكو هەولێر لە ئێستادا كەوتۆتە كێبركێ لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بە تایبەتیش لە بواری وزەو پێترۆڵدا ناو و پێگەی هەیە .هەولێر لەم ساتەدا بۆتە خواستی كۆمپانیا زەبەڵاحەكانی جیهان بۆ ئەوەی وەبەر هێنان بكەن؛هەربۆیەش ئێستا بەدەیان كۆمپانیای بیانی لە هەولێرن .نێچرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان لەدووەمین كۆنگرەی جیهانی بۆ وزە گووتی نەوتی یەدەگی هەرێمی كوردستان دەگاتە 45 ملیار بەرمیل و هەروەها یەدەگی غازی سروشتیش دەگاتە 3 ترلیۆن موكعەب. دەشلێت ناوی كوردستان لە ئێستادا خراوتە نێو نەخشەی بەرهەمهێنەرانی وزەی جیهانی. كە چی لە عێراق بێجگە لە فەشەل هێنانی گرێبەندە نەوتییەكان و سیاسەتی نەوت بەگشتی . گەندەڵی لەو ووڵاتە گەیشتۆتە رادەیەك كە لە دوا رێزبەندی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوەلەتی دا؛ عێراق بەیەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان هەژماركراوە؛ نەبوونی پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان و دەرفەتی كار دەنگی نارەزایی هاووڵاتیان لەبەغدای پایتەختی لێكەوتەوە؛ خەڵكی ناوچەكانی باشووریش بێجگە لەو هەموو نەهامەتییانە؛ نیگەرانیان گەیشتۆتە رادەیەك كە هێرشی بكەنە سەر كۆمپانیایەكی مالیزی لەبواری نەوت بەهۆی رێزنەگرتنی لە رێورەسمەكانی عاشورا هەراسان كردنی دانیشتووانی ناوچەكە.بەغدا كە بە پایتەختی رۆشنبیری عەرەبی دەناسرێت دەنگی تەقینەوەكانی رۆژانەی بۆتە ناونیشانی مانشیت و هەواڵدەرەكای جیهان!!! كە چی لە هەولێر دەیان رۆشنبیر كۆرو سمینار ساز دەكەن و هونەرمەندانی لوبنانی و سووری و میسریش لە هۆتێل و یانەكان دا ئاهەنگ دەگێرن و ئەلیسا و نانسی عەجرەم و سەمیر غانم و دەیان هونەرمەندو رۆشنبیری دیكەش سەردانی دەكەن؛ لە ئێستاشدا عادل ئیمام هونەرمەندی گەورەی عەرەب لە هەولێرە و هاتوو ئاوەدانی و پێشكەوتنی كوردستان ببینێ.خەڵكی عێراق و بەتایبەتیش خەڵكی بەغدا نا حەقیان نییە تووشی سەر سوورمان بن لە هەڵسوكەوتەكانی مالكی ؛چوونكە ئەوان بێجگە لە غەمی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان غەم و مەترسی ئەوەشیان هەیە كە لەم وەرزی زستان دا و بەهۆی خراپی ئاوەرۆ و كەڵكەبووی زبل و پاشماوەكان بەغدای پایتەختی عێراق ژێر ئاوی لافاوی باران بكەوێت .




