٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورد و سەوداكارییەكانی ناوچەكە

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی
بە درێژاییی مێژوو، ئەگەر 25 ساڵی رابردووی لێ دەركەین، هیچ كاتێك بارودۆخی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی كورد نەبووە، بە بەرچاوی جیهانەوە، چیی نەماوە لەسەر دەستی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان پێمان نەكرێ، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا، زەمینە هەر بۆ ئەو دەوڵەتانە و نەتەوەكانی سەردەست رەخساوە، هاوپەیمانی و سەوداكاری بكەن، تەنیا بۆ ئەوەی تروسكاییەكمان لێ وەدیار نەكەوێ، شۆڕش و بەرخۆدانەكانمان كپ بكەنەوە، سەیرێكی خێرای مێژوو بكەین، چەندین سەوداكاریی دەوڵەتانی ناوچەكە، بە هاوكاریی هێزە گەورەكانی جیهانمان دەكەوێتە بەرچاو، بە نموونە پەیمانی سەعد ئاباد 1937، پەیمانی بەغدا 1955، رێككەوتننامەی جەزائیر 1975، رێككەوتنە چوارقۆڵی و سێقۆڵی و دووقۆڵییە بەردەوامەكانی توركیا، ئێران، عێراق و سووریا.  هەر ئەوەشە، لە بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا، كە بە بەراورد بە رابردوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هێشتا دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان، بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن، گرفتی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە، ئێستا میللەتانیش دەخوێندرێنەوە، بۆیە پەیوەندییەكانییان لەگەڵ خۆیان و دەوڵەتانی دی، بە هەڵبەز و دابەزدا تێدەپەڕێت، جڵەو شلكردنی ئەمەریكا لە سووریا، توركیا و ئێرانی لەگەڵ رووسیا گەیاندە یەك، رۆژی 20/12/2016 لە مۆسكۆ كۆ ببنەوە و هەڵوێست لەبارەی ئایندەی سووریا رابگەیەنن و رێگە لە دابەشبوونی ئەو وڵاتە بگرن، بەمپێیەش رووسیا پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزێ، داخوازیی ئێران لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و مانەوەی لە نزیك لوبنان مسۆگەر دەبێت، لەولاشەوە لێدانی كورد لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ، توركیایش ئەگەرچی سوننەگەرایی لە ناوچەكە بە قازانج دەبینێ، بەڵام رێگریكردن لە كورد، با سوننەش بن لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ. گەورەترین كۆسپی دەوڵەتانی داگیركەر ئەوەیە، كورد لە شەڕی دژی داعشدا، باشتر چۆتە پێشەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە عێراقدا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات، كەواتە ئەگەر لە شەڕی یەكەم و دووەمی جیهان، كورد هەر وەبن دەستوپێیان كەوتبێ، لەم شەڕەی هاوپەیمانیی ٦٤ دەوڵەت لەگەڵ داعش، تاكە هێزی سەر زەوی بووە، توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێك‌بشكێنێ. بەڵایەكە ئەوەیە، جاران جیهان چاوی لە ئاست لەناوبردنی كورد دەنوقاند، بەڵام كورد زۆر بەئومێدەوە خەباتی دەكرد، ئێستا نەك كرانەوەیەك بەرووی كورددا هەیە، بەڵكو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە سروودی نیشتیمانیی ئەی رەقیب پێشوازیی لە سەرۆك و گەورەبەرپرسانی دەوڵەتان دەكرێت، كەچی حزبەكان پەرشوبڵاون و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی وای لێكردوون، لە ئاستی سەدەی بیستویەكەمدا نەبن كە دەكرێ بە سەدەی كوردی دابنێین، چونكە توانیویەتی لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكاندا هەڵبكات، حزبەكان خۆیان لە بەرامبەر هەوڵی هێزە ئیقلیمییەكان كەڕ كردووە، وەك ئەوەی بە چاوی بەزەیی بڕواننە كوردستان، ئەو هێزە ئیقلیمییانە هەرچی لەدەستیان هاتووە كردوویانە، سوودی زۆریشیان لەو كەلێنە گەورەی نێوان حزبەكانی كوردستان وەرگرتووە، توانیویانە لە ڕێی بەغداوە گوشار بخەنە سەر هەرێم و قوتی خەڵك ببڕن، كەچی حزبەكانی ئێمەش ئەو دۆخە بۆ ململانێی نێوخۆیی دەقۆزنەوە و دڵی هێزە ئیقلیمییەكان خۆش دەكەن، لە لایەكی دیكەشەوە، لە جیاتی ئەوەی قوتبڕین بكەنە گوشار بۆ سەر بەغدا و لە مینبەرە نێودەوڵەتییەكاندا كاری لەسەر بكەن و هەوڵی دەستەجەمعی بۆ باشكردنی گوزەرانی خەڵك بدەن، بەغدا خەنی دەكەن و لەو تاوانە گەورەیەدا بێتاوانی دەكەن، ئەوە بارودۆخی نێودەوڵەتییە وایكردووە، داگیركەران جرتوفرتیان بێ و كورد تەقەی سەری بێ، دەنا بەو پەرتەوازەییەی حزبەكان بێ، هەر چوار دەوڵەت كە قەت ئامادە نین دانی خێرمان پێدابنێن، نانمان بۆ دەهەمبانێ دەنێن.

هەواڵی پەیوەندیدار