٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورد لە پەراوێزی شەڕی بەناو مەزهەبیدا

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئایین و مەزهەبگەرایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خرایە چوارچێوەیەكەوە، عەرەب و تورك و فارس، توانییان لەو چوارچێوەیەدا بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن، كورد لە ململانێی مەزهەبیی ناوچەكەدا، كەوتووه‌تە نێوان بەرداشی تورك و فارسەوە.
دەركەوتنی دەوڵەتی سەفەوی (شیعە)، هۆكاری هەرەسەرەكیی بادانەوەی عوسمانییەكان (سوننە) بوو، لە ئەورووپاوە بەرەو رۆژهەڵات، لە گەورەترین و بەناوبانگترین شەڕی نێوانیاندا كە بە شەڕی چاڵدێران 1514 ناسراوە، كورد زیانی پێكەوت، بۆ یەكەم جار خاكی كوردستان دابەش كرا و بوو بە دوو پارچەوه‌، تا ئێستاش سنووری شەڕی چاڵدێران لە نێوان ئێران و عێراقدا ماوە، كەواتە لە یەكەم پێكدادانی نێوان دوو مەزهەبدا، فارس و تورك هەر وەك دوو دەوڵەتی گەورەی ناوچەكە ماونەتەوە، ئەورووپاییەكانیش بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەو دوو هێزە پەرەپێداوە، هیچ وەختێك حیسابیان بۆ كورد لەو نێوەدا نەكردووە، ئەو دوو دەوڵەتە ئەگەر ناكۆكیشیان هەبێت، بەڵام هەردووكیان لە دژی دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان دەوەستنەوە.
لە سەروەختی پەیدابوونی بەرەی رۆژئاوا بە سەركردایەتیی ئەمەریكا و بەرەی رۆژهەڵات بەسەركردایەتیی یەكێتیی سۆڤیێتی جاران، كورد لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران و توركیا و عەرەب، كراوەتە قوربانی، هەرچوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان، بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بوون، عێراق و سووریا لە بەرەی رۆژهەڵات و ئێران و توركیاش لە بەرەی رۆژئاوا، بۆیە لەو ماوەیەدا هەمیشە بەرژەوەندیی كورد كراوەتە قوربانیی بەرژەوەندیی عەرەب و تورك فارس و دەوڵەتانی زلهێز، نموونەش كۆماری كوردستان  1946 لە مەهاباد كە ساڵێكی نەبرد، لە بەین برا، هەروەها شۆڕشی ئەیلوول 1961 – 1975 لە پێناوی بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان تووشی نسكۆ بوو.
ململانێی سوننە و شیعە، بەوپێیەی رەهەندێكی مێژوویی هەیە، رەگوریشەی لە نێو میللەتانی ناوچەكەدا هەیە، بە زەقكردنەوەی ئەو ململانێیە، هەرایەك دروست دەبێت ئەوسەری دیار نەبێت، وەك ئەوە وایە ئاگر دە پوش و پەڵاش بەربێ، بۆیە ئەو هێزانەی بەدرێژاییی مێژوو، سودیان لەو ململانێیە بینیوە، ئێستایش بەناونیشانی سوننە و شیعە هاتوونەتەوە گۆڕەپانەكە و دەیانەوێ جارێكی دی سودی لێوەربگرنەوە، بەتایبەتیش توركیا و ئێران، ئەورووپایی و بەتایبەتیش ئەمەریكاییەكان بەرژەوەندییان دەپارێزرێ.
لە یەكەم پێكدادانی هەردوو دەوڵەتی سوننە و شیعە، كورد حیسابی بۆ نەدەكرا، لەم شەڕەی دژی تیرۆریستانی داعش، كە ئاگری شەڕی سوننە و شیعەی پێ خۆش دەكرێ، كورد وەك هێزێك لەسەر زەوی، تا ئێستاش لەو شەڕەدا حیسابی بۆ كراوە، پێشمەرگە هێزی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعشە، كورد چاوی لەوەیە لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەدا حیسابی بۆ بكرێ، بۆیە پێویستە هەوڵی پاراستنی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەوروپایی و ئەمەریكاییەكان بدات، نەوەك لە كۆتاییدا جارێكی دی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەكە، لەگەڵ بەرژەوەندیی هێزە گەورەكانی جیهاندا بێتەوە و ئاگرەكە ئێمە بسوتێنێ، ئەو بێ ئومێدییە، زیاتر لەبەر كورد خۆیەتی، خەریكە بەر لە یەكلاییكردنەوەكە، خۆی لێ ون دەبێت، لە جیاتی خۆ خڕكردنەوە، خۆی پەرت دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار