سیاسەتی ئابووری، هاووڵاتی -حکوومەت

حوسێن کوردنەژاد
مۆدێلی جیاوازی ئیدارەی ئابووری باس دەکرێ، بەڵام گشتیان مۆدێلن، هەر کام لەم مۆدێلانە شوێنی سەرهەڵدانی مێژووییی خۆیانیان هەیە و هەر مۆدێلە لە بارودۆخێکی تایبەتی مێژوویی و بە سیاسەتێکی تایبەتییەوە شکڵیان گرتووە. ئەو سیاسەتە تایبەت ئاکامی باڵانسی بەرژەوەندی و دەسترۆیشتووییی ئاکتۆرەکانی ئەو وڵاتە لەو سەردەمەدا بووە.
میللەتی کوردیش دەبێ مۆدێلی خۆی دابرێژێت و بیدۆزێتەوە و کاری پێ بکات. دەستپێڕاگەیشتن بە سیاسەتی ئابووریی تایبەت بەکورد، ئاکامی پرۆسەی کەشف و دۆزینەوەیە، کە کورد دەبێ خۆی پێوە ماندوو بکات. سیاسەتێکی بە قسەی ئابووریناس دەنی رودریک لە زانکۆی هاروارد- سیاگنۆستیک.
لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردی کە زۆریش نێزیکە، بۆ نموونە لە تەجروبەی کوریای باشوور بریتین لە پێوەندیی چاک لەگەڵ رۆژئاوا و دەسترۆیشتووییی دەوڵەت بەسەر ئاکتۆرەکانی بازاڕدا، بەڵام جیاوازیمان هەیە، کە لهوێدا زۆر بە تووندی پێش لە هاوردەکردن گیرا و لە لای ئێمە نزیكهی تەواو کراوە و سەربەستە. رەنگە لە سەردەمی ئێستای ژیانی کوردیدا رێگایەکی مامناوەند باشتر بێت کە لهوێدا بهر لە هێندێك شتان بگیرێ و رێگای هاوردەکردن بۆ هێندێك شتانیش سەربەست بێ، بە قسەیەکی تێکنیکیتر، دەتوانین بڵێین لەسەر بنەمای پێداویستی و توانا و بەرهەمی بازاڕی خۆمان، زۆر زیاتر کەڵک لە بازاڕ داخستنی تێکنیکی وەرگرین- تێکنیکال پرۆتێکشۆنیزم-.
وێکچوونێکی بەرچاو لەگەڵ تەجروبەی کۆریای باشوور لە دەسترۆیشتووییی دەوڵەتە بە سەر ئاکتۆرەکانی بازاڕدا، لەم خاڵەدا کۆریا بە زانینەوە سەرچاوەی دارایی ئاراستەی ئەو کار و چالاکیانەی دەکرد کە بەپێویستی دەزانی، لە لای ئێمە دەوڵەت وەدوای ویست و کردەوەی بازاڕدا دەڕوات. ئەم سیاسەتە لەبەر زۆر هۆکاری ستراکچراڵ و مێژوویی لە چەند ساڵی رابردوودا بەم جۆرە بووە، بەڵام لە بەردەوامیدا ناتوانین ئەم سیاسەتە پەیرەو بکەین، دەبێ پێوەندیی ئاکتۆرەکانی بازاڕ و دەوڵەت و ئاراستەی سەرچاوەکانی دارایی بە پێچەوانەوە بێت. دەرسی گەورەی مێژووییی ئابووری بریتییە لەمە، کە بازاڕ و بەتایبەت بازاڕی ئازاد یان راستتر- مارکێت ئێکۆنۆمی- خۆی لەسەر پێی خۆی ناڕوات؛ دەبێ ئاراستە بکرێت و شکڵ بدرێت. ئەم خاڵە بە تایبەت لە یەک دووساڵی داهاتوودا کە رەنگە کورد سەروەریی سیاسیی خۆیشی دەستەبەر کردبێ، یهکجار زۆر گرینگ دەبێ.
دەرگای هاوردەکردن دەبێ لە رووی تێکنۆلۆژی و زانست، زۆر کراوە بێت و لە رووی بەرهەمی رەکابەری بازاڕی نێوخۆیی زۆر داخراو بێت. ئیدارەی ئابووریی وڵات تەنیا مڵکی حکوومەت و دەوڵەت نییە، بەڵکوو تاک بە تاکی دانیشتوان دەتوانن دەور بگێڕن، دەستڕۆیشتووییی کۆی دانیشتوان لەسەر ئابووری زۆر بەهێزترە لە هەموو جۆرە حکوومەتێکەوە، جۆری بەکاربەریی خۆیی، هێزێکی بەرچاوی ئاراستەکردنی رەوتی ئابوورییە.
وەک ئاکتۆر هەر هاووڵاتییەک دەبێ ئاگاداری ئابووریی خۆی بێت. بەم واتایە کە چەندە لە داراییی خۆی لە بەرکاربەریدا بەکار دەبات و چەندە پاشەکەوت دەکات، رادە و ئاستی پاشەکەوتی تاکەکەسی پێوەرێکی گرینگە لە هەڵسەنگاندنی ئابووریی وڵاتاندا. لەم خاڵەدا لایەنی یاسایی و سیاسەتی ئابووریی حکوومەت دەبێ یارمەتیدەر بێت. وەک نموونە مۆنۆپۆلەکانی حکوومەت بۆ هاوردەکردنی شتومەکی بەکاربەری، کۆسپێکی گەورەیە لەسەر رێگای سەلامەتیی ئابووریی وڵاتدا، وەک هاوردەکردنی ئۆتۆمۆبیل.
کورتەی ئەم قسانە ئەوەیە، کە هاووڵاتی کوردستان دەبێ بەرپرس بێ لە حیساباتی تاکەکەسی خۆی و بەم جۆرە بەشداری بکات لە بنیاتنانی ئابوورییەکی سەلامەت لە وڵاتدا.




