(کشانەوە یان شکانەوە؟)

د.ئاراس عەبدولکەریم
پێدەچێ ڕێکەوتنە ژێرزەمینییەکانی نێوان مالکی و چەند لایەنێکی کوردستانی، دژ بە هەردوو لایەنی حکومەتی عەبادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیناریۆی عەجیب و غەریبمان پێشکەشبکەن. لەوێ ئەنجوومەنی نوێنەران کراوەتە سەکۆی لە پشتەوە خەنجەر لێدان و دەست بادانی سیاسی، لێرەش حکومەت کراوەتە نیشانە سەرەکییەکە و لەهەرچوار لاوە میلی قەنناسیان لێهێناوەتەوە.
سەبارەت بە کوردستان هەردوو ئەجیندا ئامانجێکی سەرەکی کۆیان دەکاتەوە کە بریتییە لە سەنگەرگرتن لە پارتی و لاوازکردنی پێگە و ئامادەبوونی پارتی چ لە بەغدا و چ لە کوردستان، ئیدی با مەبەستەکەی مالکی لە بنەڕەتدا دژایەتیکردنی ئەجێندای سەربەخۆیی و لێکهەڵوەشاندنی هەرێمی کوردستانیش بێت و ئەجێندای ئەو لایەنە کوردستانیانەش لاوازکردنی پارتی و مەیلی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی و پارچەکردنی هەرێمەکەش بێت، هەردووکیان هەمان تایتڵیان هەیە، لێرە بە کوردی نووسراوە و لەوێش بە عەرەبییەکی ڕەوان و بە خەتی "کووفی"!
یەکێک لە سیناریۆ عەنتیکەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەی کشانەوەیە لە حکومەتی هەرێم، گوایە لەپاش تەشریف بردنە دەرەوەیان، حکومەت دەکەوێ و پارتی دەستێکی دەکەوێتە ئەملا و دەستێکیشی ئەولای! بە بێ هیچ دوودڵییەک دەڵێم: ئەگەر پارتی لە جێگەی حیزبە بەشداربووەکانی نێو حکومەت بووایە، لەبری ئەو هاتوهاوار و هەڵوێستە دووفاقی و پێیەک لەنێو حکومەت و پێیەک لە ئۆپۆزسیۆن و ئەو هەموو دژایەتیکردنەی حکومەت کە دەیکەن، بە هێمنی لە حکومەت دەکشایەوە و خۆی و ئەو خەڵکەشی بە سیناریۆی جۆراوجۆر و فریودانی بێبنەماوە سەرقاڵ نەدەکرد.
گەورەترین گرفتی کابینەی هەشتەمی حکومەت بەر لە هەر قەیرانێکی دارایی و کێشەیەک، خودی بەشێک لەو حیزبە بەشداربووانەیە کە نەک هەر بە مەرامی شەراکەت و لە ئەستۆگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەشداری حکومەتیان نەکردووە، بەڵکو بە مەرامی " لە دەستکەوتدا شەریک و لە بەرپرسیارێتیدا تەریک " بەشداربوون.
دەرکەوت کە دەوڵەتداری لای ئەو جۆرە حیزبانە هەموو شتێکە بە تەنها شان دانە بەر قورسایی بەرپرسیارێتی و ڕاوەستان نەبێت لە بەردەم قەیران و تەنگژەکاندا. دەوڵەتداری لای ئەوان هونەری پچڕینی بەشە لە پۆست و پارە و دەستکەوتی جۆراوجۆر.
ئەوەی دەبێ هەر لایەنێک لەو لایەنە بەڕێزانەی بەشداربووی حکومەت بیزانن و دڵنیابن لێی، ئەوەیە کە بەکارهێنانی کارتی کشانەوە لە حکومەت، گەمەیەکی دۆڕاوە و کارتەکەیان کارتێکی سووتاوە و هێندەی پووشێک ئیعتیبار بۆ ئەو گەمە هەرزانەیان دانانرێت. چاکیش دەکەن گەر لەبری دەهۆڵ کوتان و بانگەشەی دەکشێینەوە و ناکشێینەوەیان، بڕیارێکی یەکجارەکی و بوێرانە بدەن و بکشێنەوە. ئەوجا خۆیان و خەڵکی کوردستانێش دەزانن کە بوون و نەبوونیان لە حکومەتدا چ ئەرزشێکی هەبووە. ئەو دەمە دەردەکەوێ کە کابینەی حکومەت بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و لایەنی دیکەی دڵسۆز زۆر لە پێشتر چالاکتر و سەرکەوتووانەتر بەردەوام دەبێت، ئاخر سادەترین ڕاستی ئەوەیە کە شەریکی نامەسئول و هەلپەرست، نەک هەر باری شانت سووک ناکات و بەس، بەڵکو بۆخۆی دەبێتە بارێکی گران بە شانتەوە.
هەر بۆیە هەر لایەنێک کە شەریکێکی نامەسئوولە لەم کابینەیەدا، بە کشانەوەی لە حکومەت، خزمەتێکی گەورە بە حکومەت و خەڵکی کوردستانیش دەکات. چونکە ئەودەمە حکومەت تەنها لەبەردەم یەک ئاڕاستەی گرفت و ڕێگریدا دەبێت کە ئەویش ئەو گرفتانەیە کە ئەو حیزبانە لە دەرەوەی حکومەتدا دەیخوڵقێنن، لێ ئێستا گرفت و لەمپەرەکان هێندەی لە دەرەوە دەخوڵقێنرێن، دوو هێندە لەناوەوە و لەلایەن بەشێکی دیار لەو حیزبە بەشداربووانەی نێو حکومەتەوە دروستدەکرێن، مەگەر بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بوونیان لە حکومەتدا بوونێکی کارا و دڵسۆزانە بێت، نەک وەک گورگ پەلاماری ئیمتیازات و پۆست و پارە بدەن و لەولاشەوە لە مەڕ مەڕتر لەنێو خۆپیشاندانە ئاڕاستەکراوەکانیاندا فرمێسکە تیمساحییەکانیان هەڵڕێژن.
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە




