بۆ ئەوەی بتوانیت سەربەخۆیی بەدەست بێنیت، دەبێت لە ناخی خۆتدا سەربەخۆ بیت

د.کەمال کەرکووکی*
لێرەو لەوێ، لێدوانی جۆراوجۆر دەدرێن و هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی وا لە گەلی کوردستان بکەن تاکو لە مافە ڕەواکانی پاشگەز بێتەوە.
ئەو جۆرە لێدوانانە و ئیشارەتانەی کە دەدرێن، ئیهانەیە بە گەلی کوردستان و شەهیدەکانمان و دژە بە یاسای نێودەوڵەتی و پرهنسیپهكانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرۆسەی دیموکراسی لە جیهاندا.
ئیهانەیە، لەبەرئەوەی ناوڕۆکی ئەو لێدوانانە بەو مانایە دێن کە گەلی کوردستان دەبێت بترسێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوا و یاسایی و بڕیاردان لە مافی چارەنووسی خۆی، کە لە یاسای نێودەوڵەتی و پرهنسیپی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە "دهق" دیاری کراوە کە مافی هەرگەلێكه لەسەر خاکی خۆی بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات. له ئەم لێدوانانەدا وا نیشان دەدرێت، تا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان وابزانن ئەگەر گەلی کوردستان هەوڵ بدات بە سەربەرزی و بەختەوەری بژیێت و بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات، جیهانی دیموکراسی دەبنە دژی!!!، پڕۆپاگندە و دژایەتییەکانیان بەشێوەیەکی وا ڕێک دەخەن و دەپێچنەوە لەگەڵ ئەوەی لێدوانەکانیان دژن بە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوەیە هەندێك کەسی دڵسۆز وا بزانێت کە ئەم لێدوانانەی دەدرێن ڕەنگە درووست بن!!.
ئەمەش لە کاتێكدا دێت کە مێژوی خەباتی گەلەکەمان پێمان دەڵێت، لەژێرهیچ گوشارێك لە بەرەوپێشەوەچوون بۆ سەربەخۆیی پاشگەز نابینەوە، کە زۆریی سەختی ڕێگاکەمان بڕیوە و لە ڕزگاربوون زۆر نزیك بووینەتەوە، هەربۆیە ئەم هەوڵانە زۆر بوون و زیاد دەبن دژ بە سەربەخۆییی کوردستان، بە ڕادەی نزیكبوونەوەمان لە سەربەخۆی.
بۆیە لێرە دووبارەی دەکەینەوە و دەبێت بگوترێت، بڕیاردان لە مافی چارەنووس مافی هەر گەلێکە لە ژیان لەسەر خاکی خۆی بڕیار بدات بە چ شێوازێك بژیێت.
ئێستا و دوای گشت دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و، پاش ئەوەی هێزی پێشمەرگە بوو بە سومبلی جیهانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، ئێستا و پاش ئەوەی فڕۆکەخانەکانمان پڕن لە سەرکردە و بەرپرسانی جیهانی و ئێستا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئهورووپای شەرقی و غەربی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانیمان دەکەن، کەچی کەسانێك هەن بەداخەوە کوردیشن!، هەوڵی ترساندن و چەواشەکردنی گەلی کوردستان دەدەن!!.
بۆیە گرینگە لێرە جەخت بکەینە سەر ڕاستیی ورد و زانیاریی دروست، بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ وەکو:
1-هیچ دەوڵەتێكی دیموکراسی نییە بە نووسراو داوا لە گەلێك بکات پێی بڵێ داوای مافه یاساییهكانی خۆت لە بڕیاردان بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆت بۆ ڕزگاربوون مەکە و، هەر بە کۆیلەیی بمێنەوە.
2- ڕزگاربوونی گەلان دەبێت خۆت هەبیت و هەوڵی بۆ بدەی تاکو پشتوانیشت هەبێت، بە شێوەیەك نابێت تۆ دابنیشیت وڵاتان داوهتت بکەن بۆ ئەوەی دەوڵەتت بۆ دابمەزرێنن!. خۆیشت هیچ نەکەی و بە هەموو بندەستی و کۆیلایەتییەك ڕازیی بییت!، بەس لە دڵەوە لەوەیە حەزت هەبێت ڕۆژێك وڵاتان سەربەخۆییت بۆ بەدەست بێنن. سەربەخۆیی نادرێ، دەبێت بسەندرێت و کاری بۆ بکەی و گەلەکەمانیش قوربانیی زۆری بۆی داوە.
3- کەی وڵاتان دێن و یهخهی گەلێك دەگرن و پێی دەڵێن داوای سەربەخۆیی بکەن!!؟؟.
4- ئەگەر گەلێك سهربهخۆییی خۆی نەوێت و راینەگەیەنێت و دەنگی خۆی نەگەیەنێتە دنیای دیموکراسی و کاری بۆ نەکات، بۆچی و لەبەرچی وڵاتانی دیکەی جیهان گرینگی پێبدەن و ڕێزی لێ بگرن و بێن دەوڵەتی بۆ دابمەزرێنن؟؟!!
5- هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە قۆناغی گرینگی بڕیوە لەو بارەیەوە، ئیتر بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و چیی دیکە ڕازی نابێت بە ژێردەستی و كۆیلهیی بژیێت. هەرێمی کوردستان شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامهڵهی لەگەڵدا دەکات لەسەر بنەمای ئەوەی کە سهروهری لەسەر خاکی خۆی هەیە و، سوپای پێشمەرگەی بەتوانای هەیە و بناغەی ئابووریی خۆی ڕێك خستووە و پەیوەندیی دیپلۆماسیی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ جیهانی دیموکراسیدا، جێگای سەرسوڕمانە و زۆریش بەداخەوە کەس و لایەن هەن هەوڵ دەدەن کوردستان بگەڕێننەوە بەرەو دواوە!!!، ئەگەر لەوەش سەرکەوتن بەدەست بێنن، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێن جارێکی دیکە جینوساید و زندەبەچاڵ بکرێن و دیمۆگرافیی وڵاتەکەمان بگۆڕدرێت و کوردستانیش بەتەواوەتی تهعریب بکرێت.
6- بۆیە زۆر زەروورە هەموومان لە کوردستان مافی بڕیاردانی گەلان لەسەر چارەنووس لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دروستی و بە باشی بخوێنینەوە و زۆریش بە باشی لێی تێبگەین و هەڵوێست و هەوڵدانی کەس و لایەنەکانیش بۆ سەربەخۆییی کوردستان و ئەو کەس و لایەنانەش کە کار و راگەیاندن دژ بە سەربەخۆییه گەل دەکەن، بناسیین و هەردوو لا لە یەکتر جودا بکەینەوە و، کەس و لایەنەکان وەکو خۆیان ببینین تاکو ڕۆڵەکانی گەلە سەربەرزەکەمان بۆچوون و لێدوان و کردەوە و هەڵوێستەکانی کەس و لایەنەکان بە دروستی هەڵسەنگێنن، تاکو هیچ هەڵوێست و کردەوە و لێدوانێك کە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان نەبێت، نەتوانن كاریگهریی نەرێنی بکەنە سەر گەلەکەمان بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
لە کۆتاییدا:
دەبێت بگوترێت، کاری زۆر زۆر گرینگمان تەواو کردووە و، ساڵانی زۆری پڕ لە خەبات و دژوار و فیداکاریمان دەرباز کردووە، ئێستایش گەیشتووینەتە نزیکترین ئاست بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەمان، بۆیە دەزانین ئەم دەنگۆیانەش بەرز نابنەوە تهنیا لەبەر ئەوە نەبێت کە زۆر باش دەزانن، ئامانجی گەلەکەمان زۆر نزیك بووهتەوە لە جێبەجێبوون و گەلی کوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی.
*بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك- ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-پێشوو




