ته‌وقیتى ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى

كه‌نعان به‌هادین
له سه‌روبه‌ندى سه‌رهه‌ڵدانى پرسى چاكسازى له هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر قسه و باسێك له‌باره‌ی هه‌وڵی دواخستنى ئه‌و پرسه بۆ كاتى دواى جه‌نگى داعش، كه پێموایه ئه‌م بۆچوونه دژى خواستى زۆرینه‌یه كه داواى چاكسازى جیددى ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه سه‌رۆك بارزانى به جیددی و به پێداگیرییه‌وه ئه‌م پرسه‌ى به فه‌رمى ڕاگه‌یاند.
ئاخر دواخستنى پرسى چاكسازى مۆڵه‌تدانه به‌وانه‌ی كه به‌رده‌وامى به گه‌نده‌ڵى و زیاده‌ڕۆیی ده‌ده‌ن، ناكرێت چی دی گه‌نده‌ڵى درێژه بكێشێ، چونكه ئه‌م پرسه خه‌ڵكى كوردستانى ماندوو كردووه.
به‌پیره‌چوونى ئه‌م ئه‌ركه قورسه له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه، متمانه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكى كوردستاندا پته‌وتر ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌تتر له‌م قۆناغه ئێجگار ناسكه‌ى ئه‌مڕۆدا، كه هه‌رێم به‌ره‌نگارى كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دیاتى نێوخۆیی و ئیقلیمى ده‌بێته‌وه.
به‌گه‌ڕخستنى پرسى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، خانه‌كانى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز ده‌كات و ده‌توانێت به پشتبه‌ستن به هێزى خه‌ڵك به‌ره‌نگارى ئه‌و هه‌موو ته‌حه‌دیاته ببینه‌وه.
پێویسته پاڵپشتى له بڕیار و ڕاسپارده‌كانى جه‌نابی سه‌رۆك بارزانى بكه‌ین له‌م قۆناغه ناسك و گوازراوه‌یه‌دا، وه‌ستانه‌وه‌ی دژی گه‌نده‌ڵی و پشتیوانییه‌كه‌ی بۆ پلانی ڕیفۆرمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بانكی نێوده‌وڵه‌تی به هاوكارى و پشتگیریى نەتەوە یەكگرتووەكان و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى، ئاسوده‌یی به نه‌وه‌ى داهاتوو ده‌به‌خشرێت و وڵات له به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى ده‌پارێزێت و هه‌موو مرۆڤێك به یه‌كسانى ده‌گه‌ن به نان و قووتى شایسته‌یان.
حیكمه‌تى بارزانى له‌وه‌دا ده‌بینرێت كه ته‌وقیتى راگه‌یاندنى ئه‌م پرسه، شێوازێكى سه‌رده‌میانه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ته‌حه‌دیاته كه رووى له كوردستان كردووه. له‌لایه‌كى تره‌وه به‌پیره‌وه‌چوونى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه بۆ راسپارده و بڕیاره‌كانى چاكسازى و هه‌نگاوێكى تر‌ى ئه‌رێنى هه‌نگاوه‌كانى بارزانییه بۆ پرسى چاكسازى له كوردستان.
ده‌كرێت له‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌دا بوارى رۆژنامه‌وانى و راگه‌یاندنیش زۆر كاریگه‌رانه هاوكار و هه‌ماهه‌نگى راسپارده‌كانى سه‌رۆك بارزانى بن، ده‌ست بخه‌نه سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان و هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ك كه له رابوردوودا روویداوه و له پاشه‌ڕۆژیشدا ڕوو بدات، به به‌ڵگه‌وه بیخه‌نه ڕوو.
هه‌ڵه‌بته سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌ستى كۆمه‌ڵێك ده‌زگاى فه‌رمى و یاسایی و ڕاوێژكارى كردووه‌ته‌وه كه به ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ره‌نگارى هه‌موو دۆسییه‌كان ببنه‌وه و كه‌سیش له‌م پرسه‌دا پارێزراو نابێت.




