٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

١٠ هۆكار بۆ هەبوونی دەوڵەتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

د.نازناز محەمەد عەبدولقادر

جگە لەوەی كە لە ڕوانگای ناسیۆنالیزمیدا كورد نەتەوەیەكی دێرینی ناوچەكەیە و هەزاران ساڵە خاوەنی خاكی خۆیەتی، جگە لەوەی هەموو هۆكار و پایەكانی یەك «دەوڵەت»ـی هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی كەلتووری جیاواز، قەوارەی جیۆگرافی و خاك، مێژوو، گەل و ئیرادە، ئەرك و مافی هەر تاكێكە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆی تێبكۆشێ و كاری بۆ بكات، گەلی كوردیش زیاتر لە 100 ساڵە و بەتایبەتی لەو ڕۆژەوە كە لە قەوارەی دەوڵەتی «عێراق» ئاخنرا، هەوڵی پاراستن و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەدات.
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، كەمترین پادداشت و قەرەبووكردنەوەیە بۆ ئەو هەموو ئازار و مەینەتییەی كە لەژێر سایەی حوكمی بیانی و داگیركەر بە سەریدا هاتووە. بێجگە لە هەموو هۆكارەكانی سەرەوە، 10 هۆكاری دیكەیش هەن كە بەپێی چەمكە تازەكانی سیاسی و بارودۆخی بابەتیی ئێستا، هەبوونی دەوڵەتی كوردستان پێویست دەكەن.
كورد دەستی نەبووە لە دامەزراندنی دەوڵەتێك بە ناوی «عێراق» لە ساڵی 1921ـدا، كەواتە نەوەكانی ئەمڕۆی كوردستان مافی خۆیانە بپرسن: بۆ دەبێ لە ناو ئەم قەوارەیەدا بمێنن، قەوارەیەك كە نەیتوانی گەلی كورد بەختەوەر بكات؟
لێرەدا ئەو10 هۆكارە دەخەینەڕوو كە هەبوونی دەوڵەتی كوردستان پێویست دەكەن:
١- سەرەڕای كەموكوڕییەكانمان لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان و هەبوونی گەمارۆ ئابوورییەكان و پیلانگێڕییەكانی عێراق و دەرودراوسێ شەڕفرۆشەكانمان، كوردستان دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوەخۆ و بەتایبەتی دوای كەوتنی سەددام لە ساڵی 2003 تا شەڕی داعش، پێشكەوتنێكی زۆری بە خۆیەوە بینی و ئاستی بژێوی و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بەرز بووەوە و چووە قۆناغێكی پێشكەوتووترەوە، ئێستایش سەرەڕای بودجە بڕینی بەغدا و شەڕی داعش لە كوردستان بەراورد بە بەغدا لە رووی ئاسایش و شێوازی ژیان زۆر باشترە و، بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش دەكرێ ئاماژە بە هاتنی پتر لە ملیۆنێك ئاواری عەرەب بۆ هەرێمی كوردستان بكەین. كەواتە سەلماندمان كە دەتوانین لە سەر پێ بوەستین و رووبەڕووی تەحەددییەكان ببینەوە و خۆمان بەڕێوە ببەین و خۆشمان بەرگری لە خۆمان بكەین.
٢- لەگەڵ ئەوەی كیانێكی سەربەخۆ نین، توانیمان سەرنجی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ كوردستان رابكێشین، هاتنی دەیان كۆنسووڵخانە و كۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و دەیان كۆمپانیای جێی بڕوای جیهانی و برانچ و براند و...تاد، نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتە كەمان و سازگاریی كەلتوورمان و سەركەوتنی دیپلۆماسیمان و سەركەوتنی دەزگا ئەمنییەكانمانە.
٣- ئەی ئەگەر سەربەخۆ بین وەك «دەوڵەت»، دەبێ چۆن پێڕابگەین لە پێشوازیكردنی باڵیۆزخانەكان و كۆمپانیاكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان؟ دەبێ چەند خێرا تێكەڵ بە بازاڕی گڵۆباڵ ببین و بەرەوپێشەوە بچین؟
٤- بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردستان سێكتەری هەرە بەرایی، كەرتی تەندروستی و خوێندن و پەرورەردەیە كە بەبێ پاڵپشتی و یارمەتیی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ناتوانین وەك پێویست بەرەوپێشەوەی ببەین، بەڵام بەردەوام حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو رێگرییەی هەبووە لە وەرگرتنی هاوكاری و پاڵپشتیی ئەوان، بە پاساوی ئەوەی بەشێك بووە لە «عێراق»، ئەوان دەیانویست مامەڵەی یەكسان لەگەڵ هەموو عێراق بكەن، بەڵام بەغدا ئەوەی بە لایەوە گرینگ نەبوو، ئەم سێكتەرانە بوو، ئەوانیش بەپێی یاسا و رێسای خۆیان نەیاندەتوانی مامەڵەی تایبەت لەگەڵ كوردستان بكەن كە نیازی چاكتركردنی ئەم دوو كەرتە گرینگەی هەبوو.
لە حاڵەتی سەربەخۆیی، باشتر و خێراتر دەكرێت كار لەسەر ئەم دوو كەرتە گرینگە بكەین كە بە رەگی چارەسەری هەموو كێشەكانی دیكە دەژمێردرێن.
٥- لە هەبوونی «دەوڵەتی كوردستان» تاكەكانی كوردستان هەست بە «متمانە بەخۆیی» و «تموح» دەكەن، بۆیە دەرفەتی خوڵقاندن و بنیادنان و ریفۆرم لە هەموو بوارەكان دەڕەخسێ.
٦- «دەوڵەتی كوردستان» ئیتر ناچار نابێت بەشدار بێت لە قەرەبووكردنەوەی ئەو وڵاتانەی كە عێراق لە پێشوودا هێرشی كردووەتە سەریان و وێرانی كردن، وەك وڵاتی «كوەیت»، بەپێچەوانەوە لە كاتی سەربەخۆییدا بەپێی بەڵگەنامەكانی نێودەوڵەتی، كاریگەرتر و روونتر دەتوانێ داوای قەرەبوو لە عێراق بكات، بۆ هەموو ئەو زیانانەی كە پێشتر تا ئێستا بە كوردی گەیاندووە لە سیاسەتی سووتماككردنی خاك و جینۆسایددا.
٧- وەك دەوڵەتێكی تازە كە دەكەوێتە سەرپێ، دەتوانێ ستراتیژیەتی ئابووریی خۆی دابڕێژێ، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە كە تەنیا پشت بە «نەوت» دەبەستن، ئابوورییەكی هەمەچەشن هەڵبژێرێ و سەرمایەی «نەوت» بگۆڕێ بۆ سەرمایەی «مرۆیی» و مرۆڤی كارامە و لێوەشاوە بۆ سەردەمی ئێستا بەرهەم بهێنێت.
٨- دەكرێت بە «سیاسەتی كەلتووری» تازە و گونجاو و كوردانە، دوور لە دەمارگرژیی ئایینی، ببێت بە گیانێكی جیاواز لە ناودڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٩- ئێران و توركیا بەردەوام گرفتی سیاسی و ئابووری و سەربازییان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە.
بە بیانووی پەلاماردانی هێزە بەرهەڵستكارەكانی خۆیان لە باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، ناوە ناوە سەروەریی خاكی كوردستانیان بەزاندووە، لادێ و باخی كوردستانیان سووتاندووە، كە پێویستە بەغدا بەرگری لەم سەروەرییە بكات، بەڵام نەیكردووە و نایكات. كەواتە «عێراق»ـێك كە نەتوانێ پارێزگاری لە قەوارەی خۆی و هاووڵاتیانی بكات، بۆ دەبێ پێوەی «وابەستە» بین؟
١٠- لە ڕووی ئابوورییەوە دروستكردنی دەیان «بەنداوی ئاو» لە سەر ئەو رووبارانەی كە دەكەونە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كوردستانیان تووشی كەمیی سەرچاوەی ئاو كردووە، كە ئەمە زیانێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری دەگەیەنێت.
هەڕەشەی كەمیی ئاو و وشكبوونی خاك، هەڕەشەیەكی جیددییە بۆ نەوەكانی داهاتووی كوردستان، لەم بوارەش «عێراق» زۆر بێدەسەڵات بووە و نەیتوانیوە فریای كوردستان بكەوێت و بەرگریی سیاسی و یاسایی لێ بكات، كەواتە بۆ رێگەگرتن لە «نەزیفی ئابووری» و بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری، كوردستان پێویستی بە سەنتەرێكی بەهێز و دەسەڵاتێكی توكمەی «خۆیی» هەیە، نەك سەنتەرێكی بیانی و لاوازی بێ كەڵك.
عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تووشی ئابڕووچون و ناوبانگێكی خراپ بووە لە سایەی مێژووی خوێناوی و شەڕەنگێزی و تیرۆر و دیكتاتۆری و ئەمڕۆیش شەڕی مەزهەبی، بۆ دەبێ كورد كە خۆی قوربانی ئەو كردەوانەی عێراقە، وەك ئەو تووشی ئەم ئابڕووچونە بێت؟!
بۆ ڕزگاربوون لە پەڵەی «عێراقیبوون»، بۆ پاككردنەوەی خۆمان لە ناوبانگی خراپی ئەوان و هەبوونی ناسنامەی خودی خۆمان و هەبوونی «پاسپۆرتی كوردستان»، با كەمپینی «ئا» دەست پێبكەین بۆ دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی كوردستان بە هەر نرخێك بێت!
 

لە گۆڤاری گوڵانەوە

هەواڵی پەیوەندیدار