٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئێمە و پێكهاتەكان

سەرچاوە: KDP.info

ئاریـــان فــــه‌ره‌ج

تۆ لەوە گەڕێ، پەكەكە و ئەوانەی دوای دەستبەرداربوونی پەكەكە لە خەبات بۆ سەربەخۆیی، بوونەتە لایەنگری، بۆ پاساوهێنانەوەی ئەو پاشگەزبوونەوە شەرماوەرە، كوردایەتی بە كۆنەپەرستی و رەگەزپەرستی و، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بە هاتنەئارای شۆڤێنیزمێكی نوێ دەزانن.

كوردایەتی، بزاوت و بیرێكی هەمیشە ناوەڕۆك ئینسانی و دیموكراتی بووە و، ئێستایش لەهەركات زیاتر.
كوردستان لە سایەی باڵادەستیی بیری كوردایەتیدا، نیشتمانی هەمووانە.

تاكە شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە كریستیانەكان لە بری ئەوەی لێی ڕابكەن، بۆی ڕادەكەن و پەنای بۆ دێنن. تاكە سەرزەمینی ناوچەكەیە چەوسانەوەی ئایینی و ئیتنی و ئایینزایی تێدا نییە، پێشمەرگەی قاڵبووی بیری كوردایەتی، تاكە هێزێكە بۆ ئازادیی هەمووان و رزگاركردنی شار و گوندی كریستیان و توركمان و شەبەك و ئیزدی و عەرەبی رەسەن و هەموو پێكهاتە ئازارچەشتووەكانی دەستی داعش، گیان بەخت دەكا. لە حاڵێكدا، هێزەكانی دیكە شەڕ بۆ مەزهەب و دژی مەزهەبێكی دیكە دەكەن و، لە قێزەونیشدا رەفتارەكانیان هاوشێوەی داعش وەحشیگەرانەیە.

كوردایەتی و ئامانجەكەی، كە سەربەخۆبوونی كوردستانە، چەندی بۆ ئازادیی كوردە، هێندەیش بۆ ماف و رزگاریی تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكەیە لە جەور و ستەم و هەڕەشەی مەحفبوونەوە و تەكفیر و تەهجیر و ڕاونان لە خاكی بابوباپیران.

پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبازی بارزانی، كە سەرمەشقی بیری كوردایەتین، هەرگیز رەوتێكی "ته‌نیا كورد"ی و یەك نەتەوەیییان ئاڕاستە نەكردووە، هەمیشە فرەیی رەنگ و واقیعی مۆزائیكیی كوردستان لەو رێباز و حزب و باهۆزەدا رەنگی داوەتەوە و، ئێستایش لەهەر كات زیاتر.

كاتێ، سەرۆك بارزانی بە شاندە ئەورووپاییەكان دەڵێ: ئێمە و پێكهاتەكانی كوردستان بڕیارمان داوە یان پێكەوە دەمرین یان پێكەوە دەگەینە ئازادی. بەو رستەیە سیما و رووخساری ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی كوردستان بۆ هەموو لایەك دەنەخشێنێ كە خەباتی بۆ دەكەین. دەوڵەتێك، لە ئێستاوە رووخساری دەبیندرێ. كوردستان هێشتا دەوڵەت نییە پەناگای مەزڵوومان و هەموو ئەو نەتەوە و ئایین و ئایینزایانەیە كە لە دەست نكۆڵی و بەكافركردن و بەعەرەبكردن و بە شیعەكردن و قەتل و عام، لە سایەی پێشمەرگە و فیكر و ئەندێشەی ئینسانخوازانەی كوردایەتیدا پارێزراو و داڵدەدراون.

كوردستان نابێتە دەوڵەتی تەنیا كوردان، نە ئێستا وایە و نە لە ئایندەشدا. كوردستانی سەربەخۆ لە ناوچەیەكی پڕ لە توندڕۆیی و یەكتر نەفیكردن و تێنوویەتی بەخوێنی سەری یەكدی، دەبێتە سەرزەمینی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی عادیلانە و گەیشتنی هەمووان بە ماف و ئازادییەكان.

جیهانییان لە ئێستاوە ئەو راستییە رۆشنە دەبینن، دەشزانن گەر ئاڵاهەڵگرانی كوردایەتی و دەست و بازووی پێشمەرگە نەبوایە، دەیان كارەساتی مرۆیی لەوەی بەسەر كوردانی ئیزدیدا هات، خوێناویتر روویدەدا.

ئەم ڕۆڵەی كوردستان حاڵی حازر دەیبینێ، بۆ ئەوەی ببێتە رۆڵێكی راستەقینەتر و بەهێزتر، بۆ ئەوەی جگە لە كورد، تەواوی پێكهاتە هەڕەشەلێكراوەكانی دیكەیش بە یەكجاری لە خەم بڕەخسێن، دەبێ بكرێتە رۆڵی دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

ئێستا بازووی پێشمەرگە هەمووان دەپارێزێ، دەبێ سبەی سنووری دەوڵەتێكی ددانپێدانراو ببێتە پارێزەری یەكجارییان.

دەبێ جیهان لە نێوان دیمەنی (پێكەوەمردنی كورد و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە ئاشتیخوازەكان) و دیمەنی (پێكەوە ئازادبوونی هەمووان)، خوازیاری بینینی دیمەنی دووەمیان بێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار