دوانزە ڕۆژە نەوتەڵانەکەی خەبازە گڕی گرتووە؛ كوژاندنەوەی ئاگرەکە چوار حەفتەی دەوێ
__2016_05_16_h15m39s16__HK.jpg)
كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوتوغاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، تاوەكو ئێستا بیرەنەوتەكانی نەوتەڵانەکەی خەبازە گڕیان گرتووە و، ئاگرەكەی بڵێسە دەکا؛ ڕەنگە بە چوار حەفتەی تریش پێمان دانەمرکێتەوە؛ زیانی ئەو ئاگرە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
(فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە ماوەی ١٢ ڕۆژە بیرەنەوتی ژمارە ١٨ و ٣٣ـی نەوتەڵانەکەی خەبازە تەقێندراونەتەوە و، هێشتا ئاگرەکەمان پێ دانەمرکاتەوە، ئاخر ئەو نەوتەڵانە گاز (غاز)ی زۆرە بۆیە دامرکانەوەی ئاگرەکەی زەحمەتترە؛ ئەو دوو چاڵەنەوتە ڕۆژانە چوارهەزار بەرمیل نەوتیان دەدا و، بەو حیسابە بە ملیۆنان دۆلار زەرەرمان کردووە."
(حوسێن) گوتیشی "دامرکاندنەوەی ئەو ئاگرە، نزیكەی چوار حەفتەی دەوێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوتوغاز ڕوونیشی كردەوە، بێگومان دەستێكی تێكدەر ئەو كارەی كردووە، چونكە ئەو بیرەنەوتانەی ئاگر دراون، لە ناوەڕاستی نەوتەڵانە ٤١بیرەنەتییەکەی خەبازەدانە.
دەیشڵێت خۆی ئەو نەوتەڵانە لە تیرۆریستانی داعشەوە نزیکە و، گوایە پۆلیسی نەوتپارێزی باكوور ــ سەر بە حكوومەتی عێراق ــ دەیانپاراست! ئەو نەوتپارێزانە هیچ پەیوەندییەكیان بە هەرێمی كوردستانەوە نییە و، ئۆباڵی کەمتەرخەمییەکە بە ئەستۆی ئەوانە.
بڵند ئیبراهیم




