هێمن هەورامی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی: هیوادارین مالیکی پەند لەمێژوو وئەزموونی سەددام وەربگرێت

لەدیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ، هێمن هەورامی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەچەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات ونیشانیدەدات ڕەفتارکانی مالیکی وا لە کورد ناکات بێدەنگ بێت و بەغدا بۆ کەسانی تێکدەر بەجێ بهێڵێت بەغدا بەجێناهێڵین
هێمن هەورامی لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی مەترسییەکانی سیاسەتی مالیکیی لەسەر بارودۆخی گشتیی عیراق و سەقامگیرکردنی دیموکراسییەت تیایدا نەشاردەوە. هەورامی ئەوەی دووپاتکردەوە ڕەفتارەکانی مالیکی بە بڵاوکردنەوەی 10 هەزار سەرباز لەسنووری نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق و کارکردن بۆ گۆڕینی واقیعی ناوچە دابڕێندراوەکان بەهەمان ڕێگەی ڕژێمەکانی پێشوو وا لەکورد ناکات بەغدا بۆ مالیکی بەجێبهێڵێ وبێگومان کورد قسە و وەڵامی خۆی بۆ ئەوان دەبێت.
بێ وەڵام نابین
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دووپاتیکردەوە هیچ کاتێک کورد لە ڕەفتارەکانی ئەو حکوومەتە بێدەنگ نابێت ئەگەر بێت و بەهێز واقیعێکی تازەی فەرزکردە سەر ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان وگوتی: بێگومان ئێمە بەهەمان زمان وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەین کە بیەوێ بەهێز یان بەزۆر واقیعێکی نامۆ بەسەر ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان بچەسپێنێت،ئێمە داوای شەڕمان نەکردووە و ناشیگەین و هیچ کاتێک بڕوامان پێی نەبووە بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان و ئێمە پاڵپشتیی دەستوورمان کرد و دەنگمان بۆی دا چونکە ماددەیەکی تیادایە کە بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر دەکات بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق هێز لەو ناوچانە بڵاو دەکاتەوە و فیرقەکانی 5 و 12و2و3 دەجووڵینێت وچەکی قورس دێنێتە ئەو ناوچانە ئەمەش بەڵگەیەکی زیندووە بەوەی حکوومەت دەیەوێ واقیعێکی دیکە بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێت.
متمانە بە حکوومەتی عێراق نەماوە
هەورامی نەیشاردەوە کورد وسەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان متمانەی بە حکوومەتی مالیکی نەماوە چونکە حکوومەتی ناوبراو هیچ یەک لەبەڵێنەکانی خۆی بەجێ نەگەیاندووە وئەمەش دەیسەلمێنێت کە باوەڕ بە عەقلییەتی دیموکراسی و قبووڵکردنی بەرامبەر لەعیراقی تازەدا نییە،هەروەها گوتی: هەمیشە کورد کاری بۆ گۆڕینی بارودۆخی عیراق کردووە بەوەی کە دەستوور ببێتە حەکەم بەڵام بەداخەوە لەئەمڕۆی عێراقدا تەوافوق نییە وئێمەی کوردیش هەست بەوە ناکەین ئێمە هاوبەشی ڕاستەقینەین لەدەوڵەتی عیراقیدا، ئەم ڕەفتارەی حکوومەتی عیراقیش تازە نییە بەڵکو چەندین ساڵە لەو ناوچانە دەکرێت بەبەڵگەی هێنانی پێنج فیرقەی تازەی سوپا و جووڵاندنی سێ یەکەی چەکی قورس کە هەڵگری تۆپ هاوێژی جۆری 155ملیمن ،ئەمە جگە لەهەبوونی تانک وزرێپۆش وکۆکردنەوەی 100 هەزار سەربازی عیراقی لەو ناوچەیەدا وبێگومان ئەم کردەوانەش تەواو لەدژی لێدوانەکانی مالیکین کە دەڵێ ئێمە شەڕ لەدژی تیرۆر دەکەین، ئایا ئەو بە تۆپهاوێژی جۆری 155 شەڕی تیرۆر دەکات؟ ئێمە لەنییەتی تێگەیشتووین ئەو دەیەوێ واقیعی ناوچەکە بگۆڕێت ودەستوور پێشێل بکات ،ئێمە ئەو شتەمان لەسەددام قبووڵ نەکرد جا ئایا لەمالیکیی قبووڵ دەکەین؟
پابەندبوون بەدەستووری هەمیشەیی
هەورامی دووپاتیکردەوە هەر هەوڵێک بۆ لادانی مالیکی بدرێت ئەوا لەچوارچێوەی هەوڵە سیاسییەکان دەبێت بەپێی دەستوور وکورد هیچ کاتێک گۆڕەپانەکە بۆ مالیکی چۆڵ ناکات و دەستبەرداری بەشداریی سیاسیی خۆی نابێت بەڵکو پشت بەدەستوور دەبەستێت چونکە پابەند نەبوون بەو دەستوورە یەکبوونی خاکی عیراق دەخاتە مەترسییەوە ئەو دەستوورەش 80%ی عیراقییان دەنگیان بۆی داوە و دەستووریش ڕێگەی بۆ ئەو مەبەستە داناوە هەروەها گوتی: پرسی سەندنەوەی متمانە لەمالیکی بەزۆر ڕێگا دەکرێت لەوانەش چوونە نێو ڕێککەوتنی تازە و هاوپەیمانێتیی تازە لە دوای هەڵبژاردنی دادێی ئەنجوومەنی نوێنەران کە نیاز وایە لەنیسانی ساڵی دادێ بکرێ لەوێدا دەتوانین لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین کە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە دوو خول زیاتر نەبێت بەیاسا ، پێویستە هەموومان لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین ڕێگە لەبەردەم هەر کەسێک بگرین کە بیەوێ بەشێوەیەکی تاکڕەوانە حوکمی ئەو وڵاتە بکات وبەرەو هەڵدێری ببات زۆریش زەحمەتە بۆ ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک بکەین پابەندی ئەو بەرنامە سیاسییە نەبن کە حکوومەت ڕایگەیاندووە یانیش لەڕێککەوتنە سیاسییەکان سڵبکاتەوە، بەڵام ئێمە کۆی پرۆسەی سیاسی لەیەک کەسدا کورتناکەینەوە بەڵکو دەستوور پاڵپشتی ئێمەیە.
چارەسەریی ئاشتییانە
هەورامی پەنابردنی لایەنە سیاسییەکانی بۆ چارەسەریی ئاشتیانە بە باشترین ڕێگە بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستا هەیە زانی وگوتی: تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکانی عیراق پابەندی دەستوور دەبن و بەشێوەیەکی دیموکراسییانە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن بەدوور لە توندوتیژی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەشدارییە سیاسییە دەبێت بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئێمە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین کە بیەوێ هەر چارەسەرییەکی نادەستووریمان بەسەردا بسەپێنێت بەتایبەتی چارەسەریی سەربازی، ئەمەریکا بەڵێنی ئەوەی دا عیراق وەکو وڵاتێکی دیموکراسی بەجێبهێڵێت کە ئازادیی پێکهاتەکانی ڕابگرێت ، وەک دیاریشە سەرۆک کۆمار و سەرکردەی دیکەی عیراقیی وەکو عەممار حەکیم وئەیاد عەللاوی و سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر مەترسیی خۆیان لەسیاسەتەکانی سەرۆک وەزیران نەشاردۆتەوە،ئێمە چاوەڕوانین هاوبەندیی نیشتیمانی کاتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دابنێت ودیاری بکات وبێگومان گرفتەکان زۆرن لەوانەش هاوبەشی لەوەرگرتنی بڕیار وهاوسەنگی لەبەشداربوون لەسوپا کە ئێستا ڕێژەی کورد لەسوپای عێراقیدا 3%ـە ولەکاتێکدا کە پێویستە لانی کەم 17%بێت و دامەزراندنی ئەفسەرانی سوپا و بڕیارەکانی پەیوەست بە سوپا کە لەلایەن مالیکییەوە دەردەچێت ،بۆیە ئەگەر ئێمەی کورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە تەنها ڕێگەی ژیانی هاوبەشمان هەبێت ئەوا پێویستە بەشێوەیەکی ئاشتییانە گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین.
پەنا بۆ چەک نابەین
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە هیوای خواست مالیکی پەند لە ئەزموون ومێژووی سەددام وەربگرێت و مەسەلەکە نەگەیەنێتە ئاستی پێکدادان لەنێوان کورد و عەرەب چونکە ئەو ڕەفتارانە وا لەکورد ناکات سەر دابنوێنێت وگوتی: کەسێک کە ماوەی 8 ساڵ لەپۆستێکدا بمێنێتەوە بێگومان یان خۆی لێی بێزار دەبێت یانیش خەڵک لێی بێزار دەبن و ئێمەش وەک کورد بەڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ زیاتر لە دوو خولی سەرۆکایەتی نین بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە وپێویستە پەرلەمان یاسایەک بۆ ئەم مەبەستە دابنێت.
هەڵوێستی پارتی لەبارەی سووریا و تورکیا
هەورامی گوتی: لەبارودۆخی سووریا ئێمە جەخت لەسەر یەکگرتوویی برایانی کوردمان لەوێ دەکەینەوە و ڕێگە بەوەش نادەین کورد و عەرەبی ناوچەکە بکەونە شەڕ لەدژی یەکتر وزۆریش بۆ ئێمە گرنگە لەهەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تێبگەین بەتایبەتی دوای کۆنگرەی دەوحە لەبارەی دیدیان بۆ مافی نەتەوە و پێکهاتەکانی گەلی سووریا وپێویستە سیاسەتی دەرەکیی سووریا جەخت لەسەر ڕێزگرتنی ئەم وڵاتە لە دیموکراسییەتی گەلان بکاتەوە، هەروەها ئێمە پاڵپشتیی برایانی کوردمان لەتورکیا دەکەین و هیوادارین بەڕێگەی ئاشتییانەوە بگەنە مەرامی خۆیانەوە و پێموایە دوایین مانگرتن پەیامی خۆی گەیاند بەتایبەتی دوای داننانی حکوومەتی تورکیا بەوەی کە پێویستە کورد بۆ بەرگریکردن لەخۆیان لە دادگاکان زمانی کوردی بەکاربهێنن. ئێمە لەگەڵ هەموو شێوازێکی ئاشتییانەین ولەدژی هەر شێوازێک دەوەستینەوە کە توندوتیژی و خوێنڕشتنی تیادا هەبێت.




