ستراتیژیەتی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سووریا یەکانگیر نییە

لەندەن-KDP.info- تاکتیک و ستراتیژە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا جیاوازن لەوانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، ئەوەش وایکردووە کە نەتوانرێت ئۆپەراسیۆنی پێکەوەیی ئەنجام بدرێت و، هەوڵەکانی بۆ یەک بەرە یان هاوپەیمانەتیێک ئاڵۆزتر کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (وۆڵجۆرناڵستریت)، هەڵمەتە سەربازییەکانی ڕووسیا گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایان بە ئامانج گرتووە، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن، لەکاتێکدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئامانجیان تێکشکاندنی داعشە. لەو بارەیەوە گرووپەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە دەڵین، بەسەدان کەسی مەدەنی لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە بوونەتە قوربانی.
(مایکڵ کلاکس) کە پێشتر لە خزمەتگوازاری پەیمانگای شاهانە و هەروەها بواری بەرگری لە (سینکتانک)ـی لەندەن کاری دەکرد، دەڵێت، ڕووسیا بەبێ جیاکاری و بە شێوەی ئەنقەست هێرشە ئاسمانییەکانی لە سووریا ئەنجام دەدات، هەروەها گوتیشی، ئەوەی کە بۆ ئەورووپا بووەتە گرفت ئەوەیە کە ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی لە سووریا وەکو چیچان ئەنجام دەدات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، (باڕاک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوێنێ لە (پنتاگۆن) بۆ چاوخشاندنەوە بەسەر گوڕوتینی لەناوبردنی داعشدا، باسی بەردەوامی لێدانی ئەو گرووپەی کردووە و گوتوویەتی، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەو گرووپە تیرۆریستییە بە تووندتر و تووندتر لەهەر کاتێک شەڕی داعش دەکەن، بەڵام لەهەمان کاتد ئەو هەوڵانە پێویستیان بەخێراترکردنە.
بۆ خێراترکردنی پرۆگرێسی ئەو شەڕە (ئۆباما) ئاماژەی بەوەدا کە، (ئاشتۆن کارتەر) دەچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەدەستهێنانی بەڵێن و پەیمانی نوێ لەسەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ شەڕی داعش.
شیاوی گوتنە، لەماوەی ڕابردوودا (فرانسوا هۆڵاند) سەرۆکی فەرەنسا چەندین دیداری باڵای ئەنجام دا بۆ کۆکردنەوەی شەڕکەرانی دژی داعش لەیەک هاوپەیمانەتیدا، بەڵام جیاوازیی ستراتیژیەتی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سووریا ئەو هەنگاوانەی قورستر کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕووسیا لە سووریا دەیەوێت ستراتیژیەتەکەی بەو شێوەیە جێبەجێ بکات کە گوشار لەسەر خەڵکی مەدەنی ئەو وڵاتە دروست بکات تاوەکو واز لە (بەشار ئەسەد) بێنن، ئەوەش بۆ دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و سەرکەوتنیەتی لە ناوچەکەدا.
ئەگەرچی بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیا بەردەوام ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکان لە سووریا بۆسەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانە، بەڵام ئەوە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و، هەروەها چالاکوانانی بواری مەدەنی ناوچەکەیش ڕەت کراوەتەوە، ئەوان دەڵین مەبەستی سەرەکیی ڕووسیا، پشتگیریکردنی (ئەسەد)ـە و دژایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە.
و/ خالید گەیلانی




