٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میدیاكانی ئاكپارتی بە گرینگییەوە باس لە هاتنی بارزانی بۆ ئانكارا دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- چوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) بۆ ئانكارا و، پێشوازیلێكردنی لە لایەن گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتەوە، بووە جێگەی بایەخی زۆرێك لە مێدیاكانی توركیا، بەڵام میدیاكانی سەر بە ئاكپارتی لە دوای گەڕانەوەی (بارزانی)ـیش بۆ هەرێمی كوردستان، هەر بەردەوامن لە شرۆڤەكردنی ئەو سەردانە.

تەلەڤزیۆنی Aخەبەر كە سەر بە ئاكپارتییە، لە راپۆرتێكدا لەسەر چوونی ((سەرۆك بارزانی) بۆ ئانكارا ئاماژەی داوە كە، (بارزانی) كەسایەتییەكی گرینگە لە ناوچەكەدا و، یەكێكە لەو سەركردانەی توانویەتی بە باشترین شێوە رووبەڕووی داعش ببێتەوە، بۆیە هەر لایەنێك بیەوێت دژی داعش بجەنگێت، پێویستە لەگەڵ (بارزانی)ـدا كۆ ببێتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە، توركیا بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە دژی داعشە و بە تیرۆریستی ناو بردووە، بۆیە هاتنی (بارزانی) بۆ ئانكارا بەشێكی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەبووە كە چۆن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، چونكە جگە لەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كاتدا سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانیشە.

رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ـیش بە گرینگییەوە باسی لە هاتنی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا كردووە و، لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، رەنگە هاتنی (بارزانی) بۆ هەردوو لا سوودی هەبێت، بە تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە حكوومەتی عێڕاق بە ئاشكرا زوڵم لە كوردەكان دەكات و بوودجەیانی بڕیوە، بۆیە توركیا لەو رووەوە هاوكار دەبێت تا نەوتەكەی خۆیان بە رێگەی توركیاوە بفرۆشن.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، توركیایش سوود لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت لە رووی گازی سرووشتییەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەی شەفەق، ئەگەر توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە گازی سرووشتی هاوردەی توركیا بكات، بوودجەیەكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، لە هەمان كاتدا بۆ توركیایش سوودی دەبێت بەوەی بە ئاسانی بۆریی گازی سرووشتی بۆ توركیا دەگوازرێتەوە و، هەروەها تێچووەكەیشی بە نرخێكی هەرزانە.

هەروەها باسی لەوەیش كردووە، هاتنی (بارزانی) بۆ چەندین دۆسیەی گرینگ بووە، وەكو رووبەڕووبوونەوەی داعش و پەیوەندیی بازرگانی. باسی لەوەیش كردووە كە (مەسعوود بارزانی) وەكو (مەلا مستەفا)ـی باوكی بە وەفایە و سیاسییەكی زیرەكە، ئەو پشتی لە توركیا نەكردووە و، هەروەكو چۆن توركیایش پشتی لە كوردەكان نەكرد كاتێك داعش بووە مەترسی بۆ سەر هەولێر.

 

كارزان گلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار