گۆڕانكاری لە پێدانی مۆڵەتی مامۆستایاندا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بە مامۆستایان لە سێ ساڵەوە بۆ دوو ساڵ كەم كراوەتەوە، داوایشیان كردووە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكرێت، یاخود ئەو دوو ساڵە بە خزمەت حیساب بكرێت.
(فەرمان قاسم) لێپرسراوی بەشی مۆڵەت لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە كە بەپێی ئەو بڕیارە، بە هۆی كەمیی میلاك و نەبوونی دامەزراندن، پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بە مامۆستایان لە سێ ساڵەوە بۆ دوو ساڵ كەم بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بۆشایی لە كەمیی مامۆستادا دروست نەبێت".
(قاسم) گوتیشی: "وەكو وەزارەتی پەروەردە تانەمان لەو بڕیارە داوە كە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەكیشی تێدا نەكرێت، ئەو دوو ساڵەی مۆڵەتی بێمووچە بە مامۆستایان دەدرێت، بە خزمەت بۆیان هەژمار بكرێت".
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بە مامۆستایان پێنج ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بۆ سێ ساڵ كەم كرایەوە.
بڵند ئیبراهیم




