٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گۆڕان ده‌یه‌وێ وڵات به‌ره‌و میلیشیاگه‌رایی ببات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتیی‌ پارتی‌ لە سلێمانی‌ دەڵێ، ناچێتە ئەقڵەوە کە گۆڕان دەیەوێ هێزی چەكدار ئامادە بکا! سیاسەتێکی هەتا بڵێی نائەقڵانییە و، گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و، وڵات بەرەو میلیشیاگەرایی دەبات. بریكارێكی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەیش دەڵێ ئەم هێزەی گۆڕان دروستی دەكات پێچەوانەی یاساكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

(فارس نەورۆڵی) وتەبێژی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتیی‌ سلێمانی‌ پارتیی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "باڵێكی ناو گۆڕان بانگەشەی دروستكردنی هێزی چەكداری دەكەن بۆ گۆڕان و، بە کردەوەیش خەمی لێ دەخۆن؛ هەم هێزیان پێ خۆشە، هەم دەیکەنە کارتی فشار."
(نەورۆڵی) جەختیشی كردەوە: "دروستكردنی هێزێكی لەم شێوەیە لە ڕووی ستراتیجی سیاسییەوە زۆر نائەقڵانییە، چونكە كورد چووەتە دۆخێكی نوێ، ئەم هەنگاوەی گۆڕان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و وڵات بەرەو میلیشیاگەرایی دەبات. خۆ ئەوسا گۆڕان بانگەشەی دیموكراسی و فشاری میدیایی و هەنگاوی مەدەنیی دەكرد، ئەی خێرە ئێستا دەیانەوێ هێزی چەكداری دروست بكەن!؟"
گوتەبێژی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتیی‌ پارتی‌ لە سلێمانی ئاماژەیشی دا: "هەرێمی كوردستان هێزێكی هەیە بە ناوی هێزی پێشمەرگە؛ با سەداسەدیش یەك نەخرابێتەوە، بەڵام سەرجەم ڕێنمایی و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە وەردەگرێت؛ جا ئەو هێزە چەكدارەی گۆڕان بە نیازیەتی، ئاسایشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هەرێم تێک دەدات‌."
(ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمان) بریكاری‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەیش ڕایگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە كۆمەڵێك یاساوڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم یاساوڕێسایانەش ڕێگا نادات هیچ هێزیك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، دروست بکرێت. ئەو هێزەی گۆڕان دروستی دەكات پێچەوانەی یاساكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە."
دیارە بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازە هێزێكی چەكداری دروست بكات و، ئێستا لە چەمچەماڵ ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەستی كردووە بە ناونووسكردنی خەڵک!
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار