ئهنجوومهنهكهی نەینەوا ههڕهشه له بهغدا دهكات

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، تا بوودجەی تایبەت بە پارێزگای مووسڵ لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە خەرج نەكرێت، دانیشتنەكانی ئەنجوومەن ئەنجام نادەن و سكاڵا لە دادگای فیدڕاڵی و UN لە دژی حكوومەتی ناوەندی تۆمار دەكەن.
(بەشار كیكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەی ساڵ و نیوێكە هاتوچۆی بەغدا دەكەین بۆ ئەوەی مستەحەقاتی پارێزگای نەینەوا بەدەست بێنین، بەڵام هیچمان دەست نەخستووە، بۆیە وەكو ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ بووینەوە و چەند بڕیارێكمان دا، لەوانە بڕیارمان دا تا ئەو بابەتە چارە نەكرێت كۆبوونەوە ئەنجام نادەین و وەزیرەكان و پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوایش لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەبێت رۆڵی خۆیان ببینن و گوشار لەسەر حكوومەتی بەغدا دروست بكەن و ئەوانیش بەرپرسن وەكو ئێمە لەبارەی هاتن و نەهاتنی بوودجەی پارێزگاكەمان، چونكە بوودجە گشتییە و قوتی خەڵكە".
(كیكی ) گوتیشی، 13 یەكەی ئیدارییان هەیە كە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رزگار كراون و كۆی سەرجەمیان دەكاتە 40 لە سەدی خاكی پارێزگای نەینەوا، بۆیە پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوە و ئاو و كارەبا هەیە تا ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
دەشڵێت: "ئەگەر بوودجەی پارێزگای مووسڵ ڕەوانە نەكەن، ئەوا لە دادگای فیدڕاڵی و UN سكاڵا لەسەر حكوومەتی ناوەندی تۆمار دەكەین و جووڵە بەو بابەتە دەكەین، چونكە ئەوە پارەی خەڵكی نەینەوایە بۆ ساڵی 2015 و پێویستە بزانین چارەنووسی ئەو پارەیە جی لێ دێت كە 372 ملیارە".
نەشوان بەرزنجی




