ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، پێگە جووڵاوەكانی داعش دەپێكن

واشنتن-KDP.info- بە گوێرەی راپۆرتێكی "یوئێسئەی تودەی" ماوەیەكە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هەر بە تەنیا لە بیناكان و پێگە دامەزراوەكانی داعش نادەن، بەڵكە پێگە و ئامانجە جووڵاوەكانیشیان دەپێكن، لەوانە لە كاتی تێپەڕینی هێزەكانیان و گواستنەوەی نەوتەكەیشیان.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر داعش لە سووریا نزیكەی (400) تانكەری تێك شكاندووە كاتێك نەوتی داعشیان گواستووەتەوە.
(نیكۆلاس هێرس) شارەزا لەسەر دۆخی سووریا و داعش لە سەنتەری ئاساییشی ئەمەریكا گوتی، ئێستا هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ڕۆڵی باشتر دەگێڕن، كاتێك داعش جووڵە بە هێزەكانی دەكات، ئەوان دەزانن بەرەو كوێ دەڕۆن، ڕێگاكانی هاوتوچۆكردن و شوێنەكانی ڕاوەستانیشیان دەزانن، بۆیە ناهێڵن دەرچن و، لێیان دەدەن.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە نێوان (10 بۆ 23)ـی تشرینی دووەمی ڕابردوو، هێزەكانی هاوپەیمانان نزیكەی (339) ئامانجی جووڵاوی داعشیان پێكاوە.
داعش تاكتیكی جووڵان بەكار دێنێت بۆ ئەوەی وا لە فڕۆكەكان بكات لە كاتی لێدانی هێرشە ئاسمانییەكاندا خەڵكی سیڤیلیش بەركەون، چونكە بەو ڕێگەیە دەیەوێت ڕق و كینەی خەڵكی بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی زیاد بكات، بەڵام فڕۆكەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی زۆر بە وردی هێرشە ئاسمانییەكانیان ئەنجام دەدەن تاوەكو پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل بكەن.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لەناو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیدا، فڕۆكەكانی ئەمەریكا زۆربەی هێرشە ئاسمانییەكان ئەنجام دەدەن، لەوەتەی بەشدارییان دەستی پێ كردووە لە ئابی ساڵی ڕابردووەوە نزیكەی (78%)ـی هێرشەكان فڕۆكەكانی ئەمەریكا ئەنجامیان داون لە عێراق و لە سووریادا كە نزیكەی (8783) هێرشی ئاسمانی بوون.
هەروەها ڕاپۆرتەكە باسی هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە كە ئەوانیش هەروەك هێرشەكانی ئەمەریكا زۆرترین ڕۆڵیان لە شەڕی داعشدا گێڕاوە.
ڕاپۆرتەكە زۆریی ڕۆڵگێڕانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكای بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، چونكە ئەمەریكا هێزێكی گەورە و تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووی سەربازی و ڕێكخراویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بەكاریان بهێنێت.
شیاوی گوتنە، ئەمڕۆ دووشەممە (باراك ئۆباما) لەگەڵ تیمی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمەریكادا بەشداریی كۆبوونەوەیەكی گەورە لە پێنتاگۆن دەكات، ئەو كۆبوونەوەیە بۆ چاوخشاندنەوەیە بە ڕێوشوێنەكانی ستراتیژیەتی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، چاوەڕێیش دەكرێت بەشدارییەكانیان چڕتر بكەنەوە.
و/ خالید گەیلانی




