٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: ھەر ھێزێك لەگەڵ دەوڵەتی كوردیدا نەبێت، ئابڕووی دەچێت

سەرچاوە: KDP.info
(ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

هەولێر-KDP.info-  (ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند ھەر ھێزێك لەگەڵ دەوڵەتی كوردیی نەبێت ئابڕووی دەچێت.

(ئازاد تۆفیق) بە (كوردستان24)ـی ڕاگەیاندووە: "ھەموومان رازین لەسەر پرسی كورد و ناسنامەی كوردی و مافی چارەی خۆنووسین و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، ھیچ ھێزێكی سیاسی ناوێرێ پشتیوانیی نەكات، ھەر ھێزێكی سیاسی پشتیوانیی لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی نەكات ئابڕۆی دەچێت".

(ئازاد تۆفیق) گوتیشی: "كێشە لە میكانیزمی كاركردنی ھێزە سیاسییەكان ھەیە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی. كورد پێویستی بە یەكگوتاری ھەیە و دەبێ ھێزە سیاسییەكان شەفافتر بن لەگەڵ یەكدی".

لە بارەی گرینگی سەردانەکەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاماژەی کرد کە: "ئەو سەردانەی بەڕێز كاك مەسعوود پێگە و گرنگیی خۆی ھەیە، پێویستە رێز لەو سەردانە بگیرێت و دانانی ئاڵا لە عورفی دیبلۆماسیدا داننانی نێودەوڵەتییە بە كورد. مرۆڤ دەبێ سوپاسی خوا بكات لامان لێكراوەتەوە".

(ئازاد تۆفیق) دەشڵێ: "سەردانەكەی سەرۆكی ھەرێم و دانانی ئاڵای كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بەرز دەنرخێنم، بەڵام ھەموو شتێك بە كۆتاییەكەی دەپێورێت لە كۆتاییەكەی لەو یارییەدا چیمان بەردەكەوێت، ئەمە چۆن بە دەست دێنین؟ دەبێ ھەموومان یەكگوتار بین".

هەواڵی پەیوەندیدار