گۆڕان خهڵك ناونووس دهكا و، سهرچاوهیهكیش دهڵێ، نابێ ڕێ بە دروستكردنی هێزی ناشەرعی بدرێ

چەمچەماڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چەمچەماڵ دەڵێت، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ڕێگری لە دروستكردنی هێزی چەكداری بكەن لە چەمچەماڵ، چونكە هیچ شەرعییەتێكی نییە، هەروەها پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و هێزی بریاربهدهست له ناوچهكه ئەوە قبووڵ نەكات و بێتە دەنگ.
(د. فەرهاد كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر ئەو دەنگۆیە راست بێت كە لە چەمچەماڵ هێزی چەكداری دروست دەكرێت، ئەوا مەترسیدارە و پێویستە رێی لێ بگیرێت، چونكە هیچ شەرعییەتێكی نییە و ناكرێت لەخۆڕا هێزی چەكداری دروست بكرێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە رێگری لێ بكەن، چونكە لە ئێستادا تەنیا هێزی پێشمەرگە هەیە كە شەرعیەتی هەیە و ناشێ هێزی دیكە دروست بكرێت كە هیچ شەرعیەتێكی یاسایی نییە".
دەشڵێت: "پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسەدا بكرێت كه وا نیازێكی ههیه و ناكرێت بەو شێوەیە هەوڵی دروستكردنی هێزی چەكداری بدات، بەڵام بە ڕای من ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە كە پشێوی دروست بكات".
جەختیشی كردەوە، ئەو خەڵكەی خۆی ناونووس دەكات، ئەندامانی گۆڕانن و خەڵكی دیكە ناچێت خۆی ناونووس بكات، لەبەر ئەوەی هێزێكی شەرعی نییە، بۆیە پێویستە پرسیاری ئەوە بكرێت كێ مووچەی ئەو هێزە دەدات و چەك و پێداویستی لە كوێ دەهێنن، چونكە ئەمانە جێگەی پرسیارن.
بهگوێرهی زانیارییهكان، (عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك) كە ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی گۆڕانە لە چەمچەماڵ، خواردن و پێداویستی بۆ گرتووخانەی چەمچەماڵ دابین دەكات كە (3) هەزار زیندانیی تێدایە و سەر بە بەغدایە، بەپێی زانیارییەكانیش دەستی بەسەر ئەو گرتووخانەیەدا گرتووە كە رۆژانە داهاتی 20هەزار دۆلارە و هەندێك چەكیشی لێیە، بۆیە بەنیازە هێز دروست بكات و لە ئێستادا دەستی بە ناونووسین كردووە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، ماوەیەكە ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان چەك كۆ دەكەنەوە و نیازی ئەوەیان هەیە كە هێزی چەكداری دروست بكەن، بە بێ ئەوەی دروستكردنی ئەو هێزە هیچ شەرعییەتێكی یاسایی هەبێت.
بڵند ئیبراهیم




