مێركل: هاوكاری پێشمەرگە ئەركە.. توانیویانه داعش تێكبشكێنێت

ئەڵمانیا-KDP.info- (ئەنگێلا مێركل) راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا، رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لە شكستپێهێنانی داعش بەرز نرخاند و گوتی، لە سنوورەكانی پێشمەرگە پێشڕەویی باش كراوە و زۆرێك لە ناوچەكان ئازاد كراون دهشڵێت، لە پێدانی هاوكاری بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین، ئەوەش ئەركە چونكە توانیویانه داعش تێكبشكێنێت.
(ئەنگێلا مێركل) لە لێدوانێكیدا لەگەڵ دوو رۆژنامەی ئەڵمانیایی، (بادیشە نویستە ناخریشتن) و (ئاوگسبۆرگر ئەلگماینە)، رایگەیاند، كە (بەشار ئەسەد) سەرۆكی رژێمی سووریا، بەردەوامە لە بۆردومانكردنی خەڵكی مەدەنی و ئاماژەی بەوەش كرد كە (ئەسەد) بەشێك نابێت لە هاوپەیمانیی رۆژئاوا لە دژی داعش.
(مێركل) ئاماژەی به چوونە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی كرد و رایگەیاند كە داعش هەڕەشەیەكی راستەقینەیە بۆ سەر ئەوروپا و قەڵەمڕەویی خۆی لە عێراق و سووریا فراوانتر كردووە.
هەروەها راوێژكاری ئەڵمانیا، رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لە شكستپێهێنانی داعش بەرز نرخاند و گوتی، لە سنوورەكانی پێشمەرگە پێشڕەویی باش كراوە و زۆرێك لە ناوچەكان ئازاد كراون و خەڵكەكەش گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.
(مێركل) گوتیشی، لە پێدانی هاوكاری بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین و ئەوە ئەركە چونكە توانیویەتی ناوچەكانی بپارێزیت و داعشیش تێكبشكێنێت.




