سلێڤانەیی: بەشى پێشمەرگە دیاری نهكرێت دەنگ بۆ بودجەی عێراق نادەین

بهغدا-KDP.info- لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراقدا، بەشە بودجەی حەشدی شەعبی بۆ سێ ترلیۆن دینار زیادکرا و ئەندامانی کوردیش داوایان کردووە بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاری بکرێت، ئەگەر بودجەی پێشمەرگە لە پڕۆژە یاساکە نەبێت دەنگی پێنادەن.
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لهئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتى: "ئەمڕۆ لیژنەکەیان میوانداری (ئەبومەھدی موھەندس) فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبیان کرد، لەبارەی بەشە بودجەی ئەوان و تێیدا داوای زیادکردنی بەشە بودجەی خۆیان کرد کە زیاتر لەترلیۆنێک دینار دانرابوو و بۆیان زیادکرا بۆ سێ ترلیۆن دینار، ئێمەش داوامان کرد کە پێویستە ترلیۆنێک و200ملیاردینار بۆ ھێزی پێشمەرگەش دیاری بکرێت، بەڵام عەرەبەکان پێی رازی نین و دژی ئەوەن بەشە بودجەیەک بۆ پێشمەرگەدیاری بکرێت.
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "فەرماندەی حەشدی شەعبی باسی لەوەکرد کە ژمارەی چەکدارەکانیان 130ھەزارچەکدارە بۆیە ئەو برە پارەی بۆیان دیاریکراوە بەشی ئەوان ناکات، بۆیە بەشی ئەوان بۆ سێ ترلیۆن دینار زیادکرا.
ئهو ئەندامهی لیژنەی دارایی دهشڵێت، ئێمەش داوامان کردووە پێویستە بەشێکیش بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێت، ئەگەر رازی نەبن ئێمە دەنگ بەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق نادەین، بۆیە بڕیارە سبەی بۆ ئەو مەبەستە وەکو نوێنەرانی کورد لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی کۆببینەوە وھەمووشتەکان ئاشکرا دەبن.
بڵند ئیبراھیم




