كۆبوونەوەكانی لایەنی كوردی و حەشدی شەعبی، دەرەنجامی ئەرێنییان نییە

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، باسێك هەیە ئەمڕۆ بەرپرسانی یەكێتی و حەشدی شەعبی كۆ ببنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستا ئەو هەموو كۆبوونەوەیەی كراون، هیچ دەرەنجامێكی ئەرێنییان نەبووە و كۆبوونەوە لە پێناو كۆبوونەوەدا كراوە.
(ئەحمەد عەزیز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا بایكۆتكردنی نافەرمیی دەوام لە شاری خورماتوودا بەردەوامە و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە دۆخی شارەكەدا ڕوی نەداوە، تەنیا و تەنیا ئەوەیە كە تەقە بوونی نییە، ئەگینا سەنگەربەندی و ئاڵۆزی هەیە و حەشدی شەعبی لە هەڵی خۆقایمكردندان و خاڵە سەربازییەكانیان زیاد دەكەن و كۆچكردنیش لە هەردوو نەتەوە بوونی هەیە".
(عەزیز) گوتیشی: "باسێك هەیە كە ئەمڕۆ بەرپرسانی یەكێتی و حەشدی شەعبی كۆ ببنەوە".
پێوەست بە دەرەنجامەكانی رێكەوتن و كۆبوونەوەكانیش، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی گوتی: "تا ئێستا ئەو هەموو كۆبوونەوەیەی كە كراون، هیچ دەرەنجامێكی ئەرێنییان نەبووە، كۆبوونەوە لە پێناو كۆبوونەوە و رێككەوتنیش لە پێناو رێكنەكەوتن كراوە".
لە 12ـی مانگی رابردوودا و بە هۆی رەفتاری حەشدی شەعبییەوە، گرژی كەوتە نێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و كوردەكانی خورماتووەوە و، بە هۆیەوە چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی و زیانێكی زۆری ماددی بەر شارەكە كەوت.
سەرباز واحید




