٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر حسێبی هیچ جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ك نابێت"

سەرچاوە: KDP.info
دیداری نێوان هێمن هه‌ورامی و ئاندرۆ ویب.فۆتۆ: ئه‌رشیڤ
هه‌ولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە دانیشتنیدا لەگەڵ نوێنه‌ری سه‌فاره‌تى کەنەدادا ڕایگەیاند: "سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) وای كردووه‌ وڵاتانی ناوچەکە دەوڵەتی کوردستان بە زامنی سەقامگیری ناوچەکە بزانن؛ ئەو دەوڵەتە کوردەیش لەسەر حسێبی هیچ جەمسەربەندیەک نابێت."
 
(هێمن هەورامی) ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە (ئاندرۆ ویب)ـی نوێنه‌ری سه‌فاره‌تى کەنەدا لە هەولێر کرد.
(هەورامی) لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەی کە ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان، دیدار و دانیشتنە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵگەرییەکانی نێو هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە بەو پێیەی کە جیهانی ئازاد گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات، لەم چوارچێوەیەدا (هەورامی) بۆ نوێنه‌رى سه‌فاره‌تى کەنەدا دید و تێڕوانینەکانی ستراتیژییەتی هەرێمی کوردستانی لە ڕوانگەی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە ڕوون کردەوە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا یەکێک بوو لەو بابەتانە کە قسەوباسی لێوەکرا، بەرپرسی پەیوەندییەکان لەوبارەیەوە گوتی: "سەردانەکانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هاتنی نوێنەرانی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان ئەو پەیامەیە کە کورد لە پێگەیەکی کاریگەردایە و سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) وەهای کردووە کە وڵاتانی ناوچەکە دەوڵەتی کوردی بەو ڕۆڵە کاریگەرە دەزانن کە لە ئاییندەدا ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەخوڵقێنێت، هەروەها ئەوەشی درکان کە دەوڵەتی کوردی لەسەر حسابی هیچ بلۆکبەندییەکی ناوچەیی نابێت. 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسی پەیوەندییەکان باسی لە باروودۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کردوو گوتی، وەک چۆن پارتی هەمیش هۆکاری چارەسەرییەکان بووە لە ئێستاشدا چەند پرۆژەیەکی گشتگیری داناوە بۆ چارەسەرییەکان، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی کوردستان و مەسەلەی سوریا و شەڕی تیرۆری لە دیدگای پارتییەوە بۆ نوێنه‌رى سه‌فاره‌تى کەنەدا شی کردەوە.
 
(ئاندرۆ ویب) نوێنه‌ری سه‌فاره‌تى کەنەدا، زۆر سوپاسی (هەورامیی) کرد بۆ ڕوونکردنەوەی دواپێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیش و هیوای خواست ئەو ستراتیژییە بەردەوام بێ کە هەرێمی کوردستانی لە بەشەکانی دیکەی ناوچەکە جیا کردووەتەوە بە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و مومارەسەکردنی دیموکراسی.
 
سه‌نگه‌ر هه‌ورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار