٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"له‌ ئامه‌د 20 هه‌زار كه‌سیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام‌"

سەرچاوە: KDP.info
ئامه‌د-توركیا.فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

ئامه‌د-KDP.info-  هەڵکردنی خەندەق و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی پەکەکە و پۆلیسی تورک و قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ناوچەی سووری سەر بە ئامەد، 20 هەزار کەسی خستووەتە سەر شه‌قام و، ئەوان لەبەر سەرمای زستاندا ماونەتەوە و، چاوەڕوانن کە شەڕ کۆتایی پێ بێت تا ئەوانیش بتوانن بچنەوە ناو ماڵوحاڵی خۆیان.

لە زستاندا کێ سەماری دەبێت و لە هاوینشیدا کێ گه‌رمای ده‌بێ؟ بێگومان هەر خەڵکی هەژارە، ئێستایش 20 هەزار کەس لە خەڵکی سوور لەبەر شەڕ چوونەتە دەرەوەی ئەو ناوچەیە و لەسەر شۆستە و شەقامەکاندا بەرگەی سەرما دەگرن، بەڵام ئومێدی گەڕانەوەیان بۆ ماڵوحاڵی خۆیان هەر ماوە.
حکوومەتی تورکیا دەڵێ تا خەندەقەکان لە ناوچەی سوور دانەخەین و پەکەکە لەو ناوچەیە وەدەرنەنێین، بەرداوەم دەبین لە شەڕکردن و قەدەغەکردنی هاتوچۆ. پەکەکەیش بە هیچ شێوەیەک خەندەقەکان داناخات و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان لەگەڵدا دەکات، بەڵام ئەوەی زیانی گەورەی بەر دەکەوێ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌.
(فیکری قەساب) کە دانیشتووی سوورە، لە گوتەیەکیدا بۆ ماڵپه‌ڕی (جەزیرە)ـی تورکیا گوتوویه‌تی کە خۆی و خێزانەکەی و منداڵەکان و 2 بەتانی و 2 مەنجەڵ لە ماڵەوە هاتوونەتە دەرەوە و، ماوەیەک لەسەر شەقامەکاندا ماونەتەوە و، پاشان خانوویەکیان بە کرێ گرتووە.
ئەو دەڵێ: "خاوەنی 7 منداڵم، خۆم و خێزانەکەم و منداڵەکانم لە گەڕەکی فاتیح پاشا لە ناوچەی سوور دادەنیشتم. شەڕ و قەدەغەکردنی هاتوچۆ ئێمەی هەراسان کردبوو، بۆیە بڕیارماندا ماڵەوە بەجێبهێڵین و بڕۆین بۆ دەرەوەی ناوچەی سوور، چونکە بەرگەی ئەو شەڕەمان نەدەگرت. بەڵام ئێمە تەنیا توانیومانە خۆمان رزگار بکەین و نەمانتوانی کەلوپەلەکانی ماڵەوە لەگەڵ خۆمان بهێنین، چونکە لەبەردەم ماڵەکەماندا خەندەق لێدراوە و ناتوانین کەلوپەل دەربهێنین.
من ماوەیەک لەسەر شەقامەکان بووم، بەڵام ئێستا خانوویەکم بە کرێ گرتوە مانگی بە 400 لیرە، مانگی یەکەم پارەکەم دا و ئێستا ناتوانم ئەو کرێیە بدەم. پێشتر کرێکاربووم و رۆژانە پارەی باشم پەیدا دەکرد، بەڵام لەوەتەی شەڕ دروست بوە کار نەماوە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین بژێوی ژیانی ماڵەوەمان دابین بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە حوزنێکی زۆرەوە دەڵێ، من نازانم ئێستا ماڵەکەم ماوە یان سووتاوە یان ئاگری تێبەربوە. هەرکاتێک گوێمان لە دەنگی تەقینەوە دەبێت دەترسێین کەسێکی نزیکی ئێمەی بەرکەوتبێت.
ئەوانەی باری گوزەرانیان باشە، شەڕ کاری تێنەکردوون، چونکە لە دەرەوەی ناوچەی سوور لە خانووی خۆش دەژین و دەتوانن بە ئاسانی کرێی خانوو بدەن و ژیانێکی خۆشیش بژین، بەڵام ئەوانەی هەژارن لەبەر سەرمای سەر شەقامەکاندا ئومێدی گەڕانەوە بۆ ماڵە سارد و سڕەکەیان دەکەن. ئەوان نە خەندەقیان دەوێت و نە شەڕ، ئەوان نە دڵسۆزی پۆلیسی تورکن و نە دڵسۆزی پەکەکە، ئەوان تامەزرۆی ژیانێکی ئارام و بێ شەڕن.
(دەڤریم بەشاک) کە تەمەنی 17 ساڵانە و ئەویش لەبەر شەڕی پەکەکە و پۆلیسی تورکیا ماڵ و حاڵی خۆی بە جێخێشتوە و، دەڵێت خوشکێکم هەیە تەمەنی 7 ساڵانە هەر کاتێك گوێی لە دەنگی تەقینەوە دەبوو بە گریان و ترسەوە لە جێگەدا دەهاتە دەرەوە.
بەشاک دەڵێت: "کاتێک بیستم مزگەوتی ناوچەی سوور کە شوێنەوارێکی زۆر مێژووییە لە ناوچەکەمان رووخاوە و سووتاندویانە زۆر دڵتەنگ بووم و گریام. چونکە ئێمە رێک لە پشتەوەی ئەو مزگەوتە دادەنیشتین و کاتێک هاتوچۆ قەدەغە کرا، چوینە ماڵی نەنکم و لەوێ خۆمان حەشاردا و 15 کەس لە یەک ماڵدا بوین. لە گەڕەکەکەی ئێمەدا بەردەوام لە نیوە شەودا شەڕ دەستی پێدەکرد و بە هیچ شێوەیەک ژیانمان نەبوو و، باوکم هەموومانی لە یەک ژووردا کۆ دەکردوە و دەیگوت با لە یەک ژووردا بمێنینەوە. کارەبا نەبوو و ئاو نەبوو، بەڕاستی ناخۆشترین ژیانمان هەبوە".
بەشاک داوا دەکات کە بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی کفتوگۆ و شەڕ کۆتایی پێ بێت. ئەو دەڵێت ئەگەر کەسێک دزی بکات بۆ بەبانییەکەی ئازادی دەکەن، بەڵام ئەگەر لەسەر ئایدۆلۆژیای سیاسی دەستگیر بکرێیت هەتا هەتایە زیندانی دەکرێیت.  داواکاری کوردەکان ئاشکرایە، خوێندن بە زمانی دایک و خۆبەڕێوەبردن، بۆیە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەموو ئەمانە چارە دەکرێت.
(رەمەزان ساتچی) تەمەن 92 ساڵ دەڵێت هەموو رۆژێک دوعا دەکات خودایە خۆت ئەو بەڵای شەڕەمان لە کۆڵ کەرەوە و ئاوێک بەو ئاگرەدا بکە.
رەمەزان دەڵێت: "میللەت پەرێشانە، میللەت برسییە. بەشێکی منداڵەکانمان رەوانەی ئیستانبوڵ کردوە و بەشێکی لە لای خۆمان ماوەتەوە. ئێستا ئێمە ماڵوحاڵی خۆمانمان بە جێهێشتوە و لە دوورەوە گوێ لە دەنگی تۆپ و گوولە دەگرین.ئەگەر زوو چارەیەک لە ئێمە نەکەن، بەو زستانە نه‌خۆش ده‌كه‌وین".
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی جەزیرە بڵاوی کردوەتەوە، ناوچەی سوور لە ئامەد پێشتر 60 هەزار کەسی تێدا دەژیا، بەڵام لەو رێژەیە 20 هەزار کەسی لەبەر شەڕ و وێرانبوونی ماڵەکەیان ئاوارەی دەرەوەی ناوچەی سوور بوونە و ئێستا لە ژیانێکی تاڵدا دەژین.
کارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار