بە هۆی سیاسەتی سەرۆك بارزانییەوە وڵاتان پشتگیریی هەرێم دەكەن.. سەردانەكەی دەنگی دایەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، چوونی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا و دانانی ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای توركیادا، نیشانەی ئەوەیە كە كورد لە ڕووی سیاسییەوە گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش، بۆیە دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان بەو شێوەیە تەماشای كورد و سەرۆكەكەی بكەن، چونكە هەموو كوردێك پێی وایە لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) كوردستان دەبێتە دەوڵەت.
(موسڵیح رەجەب)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش ڕزگاركردنی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) و، دەنگدانەوەی ئەو سەركەوتنە مەزنە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، كە دواتر (سەرۆك بارزانی) سەردانی وڵاتانی كەنداوی كرد، بە تایبەتی سعوودیا، وەكو سەرۆكی وڵاتێكی پێشكەوتوو پێشوازییەكی زۆر گەرمی لێ كرا، چونكە بینیمان چەندین سەرۆكی وڵاتان چوونەتە ئەو وڵاتە و بەو شێوەیە پێشوازییان لێ نەكراوە، هەروەها ئەو سەردانەی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیایش دەنگی دایەوە، بێگومان پەیوەندیی هەرێمیش لەگەڵ توركیادا زۆر پێویستە، بە تایبەتی لەو بارودۆخەی كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە چوونی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا و پێشوازیلێكردنی بە ئاڵای كوردستانەوە لەلایەن گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتەوە، نیشانەی ئەوەیە لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی)، كوردستان بەرەو دەوڵەتبوون دەچێت".
ئەو ندامەی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست گوتیشی: "دانانی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەك ئاڵای توركیادا، بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتە گرینگیی خۆی هەیە، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە كورد لە ڕووی سیاسییەوە گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش، كە دەبێت هەموو وڵاتان بەو شێوەیە پێشوازی لێ بكەن، چونكە دەزانن تاكە هێز لەسەر زەمین بۆ تێكشكاندنی داعش و تیرۆریستان، هێزی پێشمەرگەیە، ئەوەیش وای كردووە هەموو وڵاتانی جیهان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان بكەن".
رابین شێروانی




