شێخ جەعفەر: خەندەق جەلەولا و سەعدییە لێك دادەبڕێت و بە زیان دەشکێتەوە

خانەقین-KDP.info- هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە نێوان جەلەولا و سەعدییە سەرقاڵی لێدانی خەندەقە، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتییش دەڵێت، لە ڕووی سیاسیەوە لێدانی خەندەق زیانی هەیە، چونكە ئەمە جیاكردنەوە و دیاریكردنی سنوورە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا دۆخی ناوچەكە ئارام بووەتەوە و هاتوچۆ هەیە، بەرنامەیەكیش دانراوە كە ئەگەر بە هۆی سەرماوە نەبێت، ئاوارەكانی گوندەكانی رۆژهەڵاتی جەلەولا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بەرنامەیەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناو جەلەولا نییە و، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ئاوارە كوردەكان بگەڕێنینەوە".
بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتیشی: "لە ئێستادا لە نێوان جەلەولا و سەعدییە پێشمەرگە خەندەق لێ دەدات، بۆیە بە رای من ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە كارێكی باش نییە و زیانی هەیە، چونكە جیاكردنەوەی جەلەولایە لە سەعدییە و دیاریكردنی سنوورە لە نێوان ئەو دوو شارۆچكەیەدا".
(شێخ مستەفا) ڕوونیشی كردەوە، ئێستا هێزی پێشمەرگە لەناو جەلەولایە و حەشدی شەعبییش لە سەعدییە و سەربازگەی كوبرایە، بۆیە باشتر بوو ئەو خەندەقە لێ نەدرێت و ئەو سنوورە لێك جیا نەكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




