٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆنگرێسی ئەمەریكا، پڕۆژەیاسای پڕچەككردنی پێشمەرگەی پەسند كرد

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "واشنتن‌ئێكزامینەر"ـی ئەمەریكا، ڕۆژی چوارشەممە پانێڵی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس كە تایبەت بووە بە پڕۆژەیاسای پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمەریكاوە، بە ئەنجامێكی باش كۆتایی پێ هاتووە.

لیژنەكە، یاساكەی پەسند كردووە، كە یاساكەیش دەسەڵات دەداتە ئیدارەی (ئۆباما) بۆ دابینكردنی چەكە قورسەكان و پێداویستییە سەربازییەكان ڕاستەوخۆ بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.

سیناتۆرەكانی هەردوو پارتیی كۆماری و دیموكراتەكان بە شێوازی دەنگدان یاسایەكەیان پەسند كردووە و، لەو بارەیەیشەوە (ئیلیۆت ئنجڵ) نوێنەری نیۆرك گوتی: "ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بین كە كوردەكان هەموو ئەو شتانەیان هەبێت كە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان پێویستیانە و، هەروەها بۆ بەردەوامیی گوشارخستنە سەر داعشیش. هەڵبەت ئەوە مەنتیقی تێدایە كە كوردەكان پرۆگرێس دەكەن و، پێویستە ئێمەیش لە پشتیانەوە بەردەوامی پێ بدەین".

هەروەها لە لیژنەكەدا (ئێد ڕۆیس) و (كالیف)ـیش سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە داوە و دەڵێن، هێزە كوردییەكان لە عێراق و سووریا لە بەهێزترین هێزە شەڕكەرەكانی سەر زەوی بوون لە دژی داعش، توانیویانە هێڵی نێوان مووسڵ و ڕەققەیان لێ بپچڕێنن و، ئەو هێزەیان كردووە بە دوو لەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوان چەكی كۆن و سوكیان هەیە و، ئەوەی كە هەیشیانە لە بڕاندایە.

شیاوی گوتنە، بە گوێرەی ئەو یاسایە، دەسەڵات دەدرێتە ئیدارەی (ئۆباما) كە ڕاستەوخۆ چەك بۆ پێشمەرگە بنێرێت و لەناو چەكە قورسەكانیشدا دژەتانك، تۆپی دوورهاوێژ و زرێپۆش دیاری كراون.

پێوەست بە نیگەرانییەكانیش لەبارەی یەكپارچەیی عێراقەوە، (ڕۆیس) گوتی، لە یاساكەدا بە ڕوونی دیاری دەكرێت كە ئامانج لەو یاسایە سەربەخۆیی كوردستان نییە.

بێجگە لەو یاسایەی لیژنەی كاروباری دەرەوە، لە پڕۆژەی ساڵانەی سیاسەتی بەرگریدا كە لە سەرەتای ئەو مانگەوە داڕێژراوە، داوا لە پنتاگۆن دەكات تاوەكو ئازاری ساڵی داهاتوو ڕاپۆرتێك لەسەر حكوومەتی بەغدا ئامادە بكەن لەسەر كار و هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی هێزە تایبەتەكانیان لە دژی داعش كەوا كورد و سوننەیش لە خۆ بگرن، هەروەها دەسەڵاتیان داوە بە ئیدارەی (ئۆباما) ڕاستەوخۆ كورد و سوننە پڕچەك بكەن.

و/ خالید گەیلانی   

هەواڵی پەیوەندیدار