٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوشارەکانی کۆنگرێس بۆ ڕاستەخۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info-  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (میلیتەری) نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەڕۆژی چوارشەممەدا یاساییەک بۆ (باراک ئۆبام) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرز دەکەنەوە تاوەکو چەک و پێداویستیی سەربازی ڕاستەوخۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، لەجیاتی ئەوەی لەڕێگەی بەغداوە بێ.

ئازایەتیی پێشمەرگە:
ڕاپۆرتەکە باسی ئازایەتی و لێهاتوییی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە و، ئاماژەی داوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لەو وڵاتەدا زۆرترین شەڕەکانی داعشی کردووە و عێراق و لە سووریادا لە دژیان وەستاوەتەوە.  لەو کاتەوەی ئەو گرووپە لە سووریاوە ڕووی لە عێراق کردووە لە ساڵی (٢٠١٤)ـدا، یاسادانەرانی کۆنگرێس لە هەردوو بەرە (دیموکرات و کۆمارییەکان) پشتگیریی هەوڵەکانیان کردووە کە چەک و بارە سەربازییەکان بە پێشمەرگە بگەن، بۆ ئەوە چەند جار چوونە بەغدایش.
(ئێد ڕۆیس) نوێنەری کالیفۆرنیا لە کۆنگرێس و سەرۆکی لیژنەی دەرەوە، ڕۆژی دووشەممە بە ماڵپەڕی (میلیتەری) گوتووە، پێشمەرگە بە چەکێکی کەم و پێداویستیی سەربازی کەمەوە چەکدار کراون بە بەراورد بە سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکان کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، یاخود بە داعش کە چەک و پێداویستیی سەربازیی زۆریان هەیە.
هەروەها (ڕۆیس) گوتیشی، ناردنی چەک و پێداویستیی سەربازی لە ڕێگەی بەغداوە بۆ پێشمەرگە وا دەکات ئەو بارە چەکانە کە لە بنەڕەتدا کە زۆر پێویستن بۆ پێشمەرگە درەنگ بە دەستیان بگەن، بۆیە ئەو شێوەیە دەبێت بگوڕێت ئەگەر بمانەوێت داعش تێک بشكێنین.
(ڕۆیس) یەکێکە لەو نوێنەرانەی کە زۆرترین هەوڵیداوە بۆ چەکدارکردنی پێشمەرگە و ناردنی پێداویستیە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ بۆیان، پاریش پرۆژەیاساییەکی پێشکەش کرد بۆ ڕاستەوخۆ چەکدارکردنی پێشمەرگە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، هەروەها لە (ئازار)ـی ئەمساڵیشدا جارێکی دیکە پێشکەشی کردەوە.
لە ئێستادا (ڕۆیس) پاڵپشتیی دیکەیشی کۆ کردووەتەوە بۆ ئەو یاساییە کە (٤٩) نوێنەرن، (٣٥)ـیان لە کۆمارییەکانن و، (١٤)ـیشیان لە دیموکراتەکانن.

ئێستا هاتنی چەکەکان باشترە:
حەفتەی ڕابردوو کاتێک (ئاشتۆن کارتەر) لەبەردەم لیژنەی کاروباری خزمەتگوزارییەکانی سوپا ئامادە بوو گوتی، ئەمەریکا پێشتر ڕاستەوخۆ چەکی بۆ پێشمەرگە ناردووە، ئەو میکانیزمەی کە لەوێ هەیە حکوومەتی عێراق (گومرگ)ـی هەیە بۆ پەسەندکردنی چەکەکان، بەبێ وەدرەنگکەوتنیتش چەکەکان بەدەستیان دەگەن.
هەروەها گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە چەک و جۆرەکانی دیکەی پێداویستییە سەربازییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ کوردەکانی عێراق نێردراون، پێموایە دەبێت بڵێم لەلایەن (١٢) وڵاتی دیکەیشەوە.
هەروەها (کارتەر) گوتوویشیەتی، حکوومەتی عێراق بە هێواشتر چەکەکان بۆ هێزە سوننەکان، ئەوانەی شەڕی داعش دەکەن ڕەوانە دەکات.

عێراق بۆخۆی خۆی تووش کرد:
عێراق لەنێو شەڕێکی گەورەی داعشدا خۆی دۆزیوەتەوە، بەگوتەی ڕاپۆرتەکە داعش کە لە بنەڕەتدا ئایدۆلۆژییەکی توندڕۆیان هەیە، ئیسلامی سوننەن.  لەبەرئەوەی لە دوای ڕووخانی (سەددام حوسێن)ـەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ـدا حکوومەتی عێراق لە دەستی شیعەدابوو ئەوان سوننەکانیان وەلانابوو و، لە دژی ئەوان جیاکارییان دەکرد، ئەوە هۆکار بووە.
کاتێک داعش لە ساڵی (٢٠١٤)ـدا چووە نێو عێراقەوە و بڵاو بۆوە، سوپای عێراقی لە ناوچەکدا کە بە زۆری سوننە بوون لە هەندێ حاڵەتدا بەبێ شەڕ ڕایانکرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە نا.
یاسایەکە چیی تێدایە:
هەڵبەتە سەرچاوەیەک لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لەبارەی پرۆژەیاساییەکەی (ڕۆیس) گوتی، دەیانەوێت دەسەڵاتی ڕاست و ڕوون لە سەرۆک وەرگرن بۆ بەکارهێنان و لەبەردەستدابوونی سەرچاوەکان بۆ وەزارەتی دەرەوە، تاوەکو بتوانن ڕاستەوخۆ چەک و پێداویستیی سەربازی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن، گوتیشی ئەوە ئێمەیش دەخاتە سەر ئەو هێڵەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و، کەنەدا و ئەوانی دیکەیش.
ئەمەریکا لە ئێستادا چەکەکانی دەنێرێت بۆ حکوومەتی عێراق، سەرچاوەکە گوتیشی، پێویستە دەسەڵات و هەماهەنگی بۆ گوازتنەوەی چەکەکان لەگەڵ هێزەکانی کورددا هەبێت.  بەداخەوە کە حکوومەتی عێراق ئەو بارە سەربازیانە لای خۆی ڕادەگرێت، لە ئەنجامدا هێزەکانی کورد چەک و پێداویستیی سەربازییان بەش ناکات و کەموکوڕییان دەبێت بۆ شەڕی داعش.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، حەفتەی ڕابردوو بۆ (واڵ ستریت جۆرناڵ) ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) سەرنجێکی دا، گوتی، ئێمە ئەو جۆرە چەک و پێداویستیانەمان بە دەست نەگەیشتووە کە ویستومانە، یاخود ئەو ڕێژەیەی کە پێویستمان بووە.  هەروەها گوتووشیەتی، کەموکورتیی سەربازی و چەک و تەقەمەنی هەندێک جار زۆر زۆرە و، زۆربەی ئەو چەکە قورسانەی بەردەستی کوردەکان کۆنن و، لە پاشماوەی دەستبەسەرداگیراوی ڕژێمی (سەددام)ـن.

ئەمەریکا باسی یەکپارچەیی عێراق دەکات:
ئیدارەی ئۆباما باوەڕی وایە هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا گرینگە، لەبەر یارمەتیی مانەوەی عێراق بە یەکڕیزی و یەکپارچەیی.
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەێنراوێکیدا بۆ ماڵپەڕی (میلیتەری) گوتی، حکوومەتی عێراق بەجیددی پشتگیریی ئەمەریکا و، هابەشەکانی کردووە لە هەوڵەکانیان بۆ هەموو هێزە عێراقییەکان کە شەڕی داعش دەکەن، لەناویاندا شەڕکەرەکانی کورد و سوننەیش، هەروەها هەماهەنگییان لەگەڵ ئەمەریکادا کردووە بۆ دڵنیابوون لەسەر کاتی گەیشتنی پێداویستییەکانیان.
لەو بارەیەوە گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، پێمانوایە ئەو سیاسەتە چالاکترین ڕێگایە بۆ پشتگیرکردنی هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ تێكشکاندنی داعش، سیاسەتەکەیشمان هانی بەرزکردنەوەی یەکڕیزی و کۆدەنگی و دیموکراتی عێراق دەدات هەروەکو لە دەستووری ئەو وڵاتەیشدا هاتووە؛ ئەوە ڕێکارێکی یاساییشە بەپێی یاساکانی ئەمەریکایش.
شیاوی گوتنە، لەجیاتی ئەو ڕێگایەی کۆنگرێس دەیەوێت کە سیاسەتێکی دیکە ڕەچاو بکرێت، کە کۆشکی سپیی ئەمەریکا پێیوایە هەڕەشە لە یەکبوونی عێراق دەکات، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا پێیوایە وا باشە کۆنگرێس سەرنجی ئەوە بدات دەسەڵاتێکی نوێ بۆ بەکارهێنانی هێزەکانی سەربازییان پێبدات کە ئەمەریکا سەرکردایەتیی ئەو هێزە بکات بۆ لێدانی دژی داعش، وەکو ئەو دەسەڵاتەی کە بە سەرۆک (جۆرج دەبلیو بووش)ـیش درابوو.
هەڵبەتە گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی گوتی، ئەوە باشترین ڕێکار دەبێت کە ئەگەر بێت و کۆنگرێس بۆ تێکشکاندنی داعش، هەوڵێکی وا بدات دەسەڵاتێکی ئاوا بداتە حکوومەتی ئەمەریکا.
دیارە ئەو تێڕوانینە بۆ بەکارهێنانی هێز و داواکردنی دەسەڵاتێکی نوێ لە حەفتەی ڕابردوودا، (ئاشتۆن کارتەر و جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد)یش خستیانە ڕوو، کە دەسەڵاتێکی نوێ پێویستە لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ پشتگیریکردن لە شەڕی داعشدا، کە ئەو دەسەڵاتە ئاماژەی بەکارهێنانی هێزەکانی تێدا بێت.

و/ خالید گەیلانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار