ئەمساڵ ٣٧ قوتابخانە بۆ ئاوارەكان دروست كراون

هەولێر-KDP.info- نوێنەری رێكخراوی یونسێف لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، نزیكەی ٢٤٠ هەزار قوتابیی ئاوارەی عێراق و سووریا لە هەرێمی كورستان هەن، كە لە زیاتر لە ٢٠٠ قوتابخانە دەخوێنن و، تەنیا ئەمساڵیش ٣٧ قوتابخانەیان بۆ دروست كراون، كە هەر قوتابخانەیەك هەزار قوتابی لە خۆ دەگرێت.
(عەبدولقادر كاكەسوور)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "هەموو پێداویستییەكیان بۆ وەرزی سەرما بۆ قوتابییە ئاوارەكان دابین كردووە و، تەنیا كێشەی كارەبا و سووتەمەنییان هەیە، كە كێشەی كارەبایش لە هەموو كوردستاندا هەیە، ئەگەر نا خوێندن بەردەوامە و كێشەیەكی ئەوتۆیان نییە.
(كاكەسوور) گوتیشی، قوتابیانی سووریایی نزیكەی ٤٠ هەزار قوتابی دەبن و، ئەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراقیش نزیكەی ٢٠٠ هەزار قوتابین، كە لە زیاتر لە ٢٠٠ قوتابخانە دەخوێنن.
نوێنەری رێكخراوی یونیسێف لە هەرێمی كوردستان ئاماژەیش دەدات، تەنیا ئەمساڵ ٣٧ قوتابخانە دروست كراون، كە هەر قوتابخانەیەك لەوانە هەزار قوتابی لە خۆ دەگرێت و، ئەو قوتابخانانە سپلیتیشیان تێدایە و سۆپایشیان بۆ دابین كراوە.
بڵند ئیبراهیم




