٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتى و حیزبى ئوممه‌ى عێراقى، جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوانیان كرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info- به‌رپرسى لقى5ى پارتیى دیموكراتى كوردستان و‌ جێگرى ئه‌میندارى گشتى حیزبى ئوممه‌‌ى عێراقى ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانى هه‌ندێك لایه‌نى شۆڤێنى نه‌درێت كه‌ ده‌یانه‌وێت درز بخه‌نه‌ نێو برایه‌تى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى نێوان هه‌ردوو گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانى تر له‌عێراقدا.

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (محه‌ممه‌د ئه‌مین ده‌لۆ) به‌رپرسى لقى5ى پارتیى دیموكراتى كوردستان له‌ به‌غدا، پێشوازیى له‌ شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسى حیزبى ئوممه‌ى عێراقى به‌ سه‌رۆكایه‌تى (محمود العگیلى) جێگرى ئه‌میندارى گشتى حیزبى ئوممه‌ كرد، له‌ودیداره‌دا شاندى میوان پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌شه‌ڕى دژى تیرۆریستانى داعش له‌ (سه‌رۆك بارزانى) و سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان كرد و ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵى گرنگ و كاریگه‌رى (سه‌رۆك بارزانى) وه‌كوو فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد، له‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستان، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانیه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیان له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ سیاسى و ناوخۆییه‌كانى عێراق به‌رز نرخاند.

له‌ به‌رانبه‌ریشدا به‌رپرسى لقى5، سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى مه‌كته‌بى سیاسى حیزبه‌ى ئوممه‌ى عێراقى كرد و جه‌ختى له‌سه‌ر برایه‌تى نێوان هه‌ر دوو گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب كرده‌وه‌ و هیواى ئه‌وه‌ى خواست كه‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ نیشتیمانیه‌كانى عێراق له‌ پاراستن و به‌ هێز كردنه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ مێژووییه‌دا ڕۆڵى كاریگه‌ر ببین و ڕێگه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانى هه‌ندێك لایه‌نى شۆڤێنى نه‌ده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت درز بخه‌نه‌ نێو برایه‌تى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى نێوان هه‌ردوو گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانى تر له‌عێراقدا.

لاى خۆشیه‌وه‌ (محمود العگیلى)  جێگرى ئه‌میندارى گشتى حیزبى ئوممه‌ى عێراقى، سوپاس و پێزانینى حیزبه‌كه‌ى ئاراسته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد كرد كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى هه‌رێمى كوردستانى گرتووته‌وه‌، پێشوازیى له‌ چه‌ندین میلیۆن هاوڵاتى ئاواره‌ى عێراقى كردووه‌ كه‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعش و بارودۆخى نائارامى شاره‌كانى عێراق په‌نایان بۆ هه‌رێمى كوردستان بردووه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار