دوو لیواكەی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە پڕچەك دەكرێن

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو كارەكانی دوو لیواكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەواو بووە و، بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتوودا لەلایەن راوێژكارانی ئەمەریكاوە دەست بە مەشق و راهێنان بكەن.
(ئەنوەر حاجی عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دوو لیوایەی هێزی پێشمەرگە كە بڕیارە لەلایەن ئەمەریكاوە پڕچەك بكرێن و مەشق و راهێنانیان پێ بكرێت، لە ئێستادا سەرقاڵی رێكخستن و ئامادەكردنی میلاكی ئەوانین و لە ماوەیەكی نزیكدا رایدەگەیێنین".
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەمانە دوو لیوان كە پێشتر پێك هێندراون و لیوای یەك و لیوای دوون، تەنیا لەلایەن ئەمەریكاوە بەو چەكە نوێیانە پڕچەك دەكرێن و مەشقیان لەلایەن راوێژكارانی ئەمەریكاوە پێ دەكرێت، لە ئێستایشدا ئامادەن و لە هەفتەكانی داهاتوودا دەست بە مەسق و راهێنان دەكەن".
ئەمەریكا بڕیاری داوە دوو لیوای هێزی پێشمەرگە بە چەكی نوێ و پێشكەوتوو پڕچەك بكات و خۆیشی مەشق وراهێنانیان پێ بكات.
بڵند ئیبراهیم




