کۆبوونەوەیان بێئەنجام بوو.. بەشارەتی: بەشدار بین یان نا، پشتیوان دەبین

ھەڵهبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵهبجە دهڵێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ كه لەبارەی حکوومەتی خۆجێیی ھەڵهبجەوه بوو، بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات؛ بەڵام بڕیار درا لیژنەی باڵاى حکوومەتی ھەرێم ئەوپرسە یەکلایی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان ناتوانن بەم شێوەیە بگەنە رێککەوتن.
(فازڵ بەشارەتی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان هەروەها گوتى: "ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی حکوومەتی خۆجێیی ھەڵهبجەوه سەردانیان كردین، بۆئەوەی بەشداری لە حکوومەتی خۆجێیی بکەین، بەڵام ئەو بەرنامەیهی ئەوان ھەیانە ئێمه پێی رازی نین، بۆیە بەشداری تێدا ناکەین، چونکە نامانەوێت فێڵ لە خەڵکی خۆمان بکەین، لەبەر ئەوەی پشتیوانی و پشتگیریی خۆمان بۆ دەربرین، ئەگەر ئەوان سوور بن لەسەر بەرنامەی خۆیان و ئەگەر بگەرێنەوە بۆ رێککەوتنی رابردوو، ئەوا ئێمە بەشداری تێدا دەکەین، بەڵام بەم شێوەیە بەشدار نابین."
(بهشارهتى) گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا نەگەیشتینە ھیچ رێککەوتنێک، بۆیە پێشنیاز کرا بگەرێینەوە بۆ لیژنەی باڵای حکوومەتی ھەرێم و ئەوان بڕیارێک بدەن، لەبەر ئەوەی ئێمە ناتوانین بگەینە رێککەوتن، چونکە تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوە کراوە ھیچ ئەنجامێکی نەبووە."
(فازڵ بەشارەتی) دهشڵێت، "ئێمە ئەگەر بەشداریش لە حکوومەت نەکەین نابینە رێگر، بگرە پاڵپشتی و ھاوکاریی حکوومەتی خۆجێیی ھەڵهبجە دەبین، بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ھەڵهبجە."
بەرپرسی لقی ١٢ی ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ لیژنەی باڵای حکوومەتی ھەرێم کۆ دەبینەوە، بۆئەوەی ئەوپرسە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەوە بدرێت و کۆتایی پێبێت.
بڵند ئیبراھیم




