شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت تاوەكو سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی لیژنەكەی ئەوان لەبارەی دواكەوتنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدا بكات و، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقیشدا كۆ ببێتەوە.
(عەباس غەزالی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لیژنەكەیان كۆ بووەوە و تێیدا باسی لە سەردانی شاندێك كرد بۆ بەغدا بە مەبەستی بەدواداچوون لەبارەی دواكەوتنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، چونكە تاوەكو ئێستا بەشێك لە جووتیاران پارەی ساڵی ٢٠١٤ـیان وەرنەگرتووە، بۆیە بڕیارە شاندێكی ئەوان سەردانی بەغدا بكات و لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا كۆ ببێتەوە.
(غەزالی) گوتیشی، پەیوەندییان بە ئەندامانی كورد كردووە لە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ بگەڕێنەوە و وادەیەك لەگەڵ حكوومەتدا دابنێن بۆ ئەوەی شاندی لیژنەكەیان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كۆبێتەوە و قسەی كۆتایییش لەبارەی ناردنی پارەی جووتیارانی لێ وەربگرێت، كە دواتریش جووتیارانی لێ ئاگادار دەكەنەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە، چاوەڕوان دەكرێت لیژنەكەیان لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوودا سەردانی بەغدا بكات و، چاوی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بكەوێت و قسەی كۆتایی لەبارەی ناردنی پارەی جووتیارانی لێ وەربگیرێت.
بڵند ئیبراهیم




