٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازیزی: تا پەیەدە سیاسەتی نەگۆڕێت، خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، پەیەدە بە هەموو شێوەیەك رێگری لە خەڵكی رۆژئاوا دەكات خۆپیشاندان بكەن، بەڵام تاوەكو سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن، خۆپیشاندانەكان دژی ئەوان هەر بەردەوام دەبن.

(د.كاوە ئازیزی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو هەفتەی رابردوو خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە شاری تربەسپی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن پەیەدەوە رێگرییان لێ كرا و ترسێندران، بۆیە نەكرا، بەڵام دواتر رۆژی شەممە خۆپیشاندانێكیان دژی سیاسەتی پەیەدە ئەنجام دا، لەبەر ئەوەی خەڵك لە سیاسەتەكەیان رازی نییە، هەر بۆیە سەرباری ئەو هەموو رێگرییەیش، ژمارەیەك خەڵك ئامادەن خۆپیشاندان دژیان بكەن".

(ئازیزی) گوتیشی، پەیەدە بە هەموو شێوەیەك رێگری لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەكات خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەیش هەڕەشە دەكەن و خەڵك دەگرن دەیانڕفێنن، بەڵام خەڵك گوێی پێ نادەن و بەردەوامن لە خۆپیشاندان، چونكە لەو سیاسەتەی ئەوان بێزارن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەشڵێت، خەڵك دژی سیاسەتی پەیەدەن، بۆیە تاوەكو سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن، خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن و ئەگەر هەرچییەك بكەن بۆ رێگریكردن لە خۆپیشاندەران، سوودی نییە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دانوستان بكرێت و كێشەكان چارە بكرێن، بەڵام پەیەدە بە قسەی ئێران و سووریا نایەوێت كێشەكان چارە بكرێن، هەر بۆیە ئامادەی دانوستان نین لەگەڵ ئێمەدا".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار