داوا لە هاووڵاتیانی كورد دەكرێت بەغدا چۆڵ بكەن

بەغدا-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، ماوەیەكە لە رێگەی نامەوە هەڕەشە لە كوردانی بەغدا دەكرێت و، داوایان لێ دەكرێت ئەوشارە چۆڵ بكەن، ئەمەیش ترس و دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتیانی كورد دروست كردووە.
(ئیسماعیل سایەمیر) كارگێڕی رێكخستنی لقی 5ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ماوەیەكە لە بەغدا كەسانی نەناسراو نامەی مۆبایل و نامەی نووسراو فڕێ دەدەنە ماڵە كوردەكان كە ناوەڕۆكی نامەكان هەڕەشەیە و گوللـەیش لەناو نامەكاندا هەن و، داوایشیان لێ دەكەن بەغدا جێ بهێڵن، ئەمەیش وای كردووە هاووڵاتیان هەست بە مەترسی بكەن، تاوەكو ئێستایش نزیكەی ٢٥كەس سەردانی ئێمەیان كردووە و باسیان لەوە كردووە كە هەڕەشەیان لێ كراوە".
(سایەمیر) گوتیشی: "نازانرێت ئەو كەسانە كێن هەڕەشە لە كوردانی بەغدا دەكەن، بەڵام دوێنێ ژمارەیەك كەسایەتیی عەشیرەتە جیاوازەكانی كورد سەردانی مەرجەعی شیعەكانیان كردووە و لەو هەڕەشانە ئاگاداریان كردوونەتەوە، ئەوانیش پێیان راگەیاندوون ئەمە جێگەی قبووڵكردن نییە و، رێگە بە هیچ كەسێك نادەن هەڕەشە لە كورد بكات".
ئەو كارگێڕەی رێكخستنی لقی 5 دەشڵێت، تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد لە بەغدا كۆچیان بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، بە تایبەت بۆ هەولێر و زۆرینەیشیان لەسەردەمی حكوومەتی (مالیكی)ـدا كۆچیان كردووە، چونكە ئەو كات هەڕەشەی خوێن بە خوێنی لە كوردەكان دەكرد، بۆیە ئەوانیش هەستیان بە مەترسی كرد و بەغدایان جێ هێشت.
بڵند ئیبراهیم




